دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری سەقز

هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی ئومێد موقەدەس و تەمەن ٤٣ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ

٢١ خەرمانان ٢٧٢٣، ١١:٢٥


هەنگاو: سێشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی ئومێد موقەدەس و تەمەن ٤٣ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانی هاووڵاتییەک بە ناوی ئومێد موقەدەس، تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز و دەستبەسەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی "مەرخووز"ی سەر بە شاری سەقزە و لە سێڕێیانی "گەرمەکاو"ی ئەو شارە دووکانی تایپ و چاپەمەنیی هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە چەند ئۆتۆمبێل و بە جلی مەدەنییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردووە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئومێد موقەدەس لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە