دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی کاسبکاری خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

سێ هاووڵاتیی کاسبکاری خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی قادر فەتحوڵڵاهی، ئومێد تووتی و ئەحمەد موعەزز، بە مەبەستی گوشارخستنە سەر بازاڕیان و کاسبکاران

٢١ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٤:٣٥


هەنگاو: سێشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٣

سێ هاووڵاتیی کاسبکاری خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی قادر فەتحوڵڵاهی، ئومێد تووتی و ئەحمەد موعەزز، بە مەبەستی گوشارخستنە سەر بازاڕیان و کاسبکاران بۆ ڕێگریی بەشداریکردنیان لە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، سێ هاووڵاتیی کاسبکاری خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی قادر فەتحوڵڵاهی، ئومێد تووتی، ئەحمەد موعەزز و تەمەنی ٧٢ ساڵ کە هەرسێکیان لە بازاڕی ئەم شارە دووکانی زێڕفرۆشییان هەیە، لەلایەن هێزە حکوموەتییەکانەەوە دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکوومەتییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی قادر فەتحوڵڵاهی و ئەحمەد موحەزز، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی ئەو دوو دووکاندارەیان دەستبەسەر کردووە. هەروەها ئەو هێزانە دەستیان بەسەر مۆبایلی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی ئەحمەد موحەززدا گرتووە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندووە کە لە سەروبەندی ساڵڕۆژی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ناوەندە حکوومەتییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بازاڕیان و کاسبکارانی شارەکانی کوردستان تاکوو پێش بە بەشداریکردنیان لە مانگرتنی گشتی و سەرانسەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بگرن.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانە کە دراونەتە پاڵ ئەو سێ کەسە و هەروەها شوێن و دۆخی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە