دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٩ هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، سەقز و دیواندەرە

لە درێژەی ڕەشبگیرییەکانی کوردستان، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی زانیار مەقدوور و فەردین خۆش خاهش؛ هیوا تاتایی، خەڵکی سەقز؛ ئومێد کە

٢١ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٢:٠٠


هەنگاو: سێشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٠٢٣

لە درێژەی ڕەشبگیرییەکانی کوردستان، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی زانیار مەقدوور و فەردین خۆش خاهش؛ هیوا تاتایی، خەڵکی سەقز؛ ئومێد کەریمی، خەڵکی دیواندەرە و سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لە بانە بە ناوەکانی سەعید، محەممەد، و ئارمان محەممەدی، هەروەها دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی سیامەک پیرۆتی و بێهزاد وەفادار لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکووتایە سەر ماڵی سەعید محەممەدی لە بانە، کە لە ئەنجامدا ئەم هاووڵاتییە و دوو کوڕی ناوبراویان بەناوی محەممەد و ئارمان دەستبەسەرکرد.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەعید و محەممەد محەممەدی دوای چەند کاتژمێرێک ئازادکراون و ئارمان محەممەدی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ڕایگەیاندووە کە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە شاری سنە گواستراوەتەوە.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، لە شاری بۆکان سیامەک پیرۆتی، تەمەن ٤٠ ساڵ و بێهزاد وەفادار تەمەن ٣٨ ساڵ و سەرۆکی ڕێکخراوی زێڕفرۆشانی بانە دەستبەسەرکران. پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا هەواڵی دەستبەسەرکرانی سێ ئەندامی دیکەی ئەم ڕێکخراوەی بڵاوکردبووەوە.

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییاندا زانیار مەقدوور و فەردین خۆش خاهش لە شاری شنۆ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکران.

لە ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی بزووتنەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا فەردین خۆش خاهش دەستبەسەرکرا و لەلایەن دادگای تاوانەکانی شنۆ بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی"، "یاخیبوون بەرانبەر هێزی پۆلیس"، و "تێکدانی موڵکی گشتی" سزای پێنج ساڵ و سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوکات، هیوا تاتایی خەڵکی سەقز و ئومێد کەریمی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکران. هیوا تاتایی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێن و بارودۆخی ئومێد کەرەمی لە دوای دەستبەسەرکرانییەوە لەبەردەستدانییە.

لە ڕاستای نزیکبوونەوەی ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ سەر هاووڵاتییان لە کوردستان بە ڕادەیەکی زۆر زیادیکردووە. سەرەڕای دەستبەسەرکرانی دەیان هاووڵاتیی، هێزێکی زۆری هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت لە ناوەندی ئێرانەوە بۆ شارەکانی کوردستان گواستراونەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە