دەستبەسەرکردنی سەمیرا ئەحمەدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز

لە درێژەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی بەرفراوانی ڕەوانەکردن هێزی سەرکوتکەر و چەکوچۆڵ و

٢٢ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٢:٠٩


هەنگاو: چوارشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣

لە درێژەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی بەرفراوانی ڕەوانەکردن هێزی سەرکوتکەر و چەکوچۆڵ و کەرەستەی سەرکوتکردن بۆ شارەکانی کوردستان، ڕەشبگیری خەڵکی کوردستان دەستی پێ کردووە. هەر لە درێژەی ئەم ڕەشبگیرییەدا چالاکێکی دیکەی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی سەمیرا ئەحمەدی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ١١: ٠٠ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەک بە ناوی سەمیرا ئەحمەدی، چالاکانی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات  بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی لە شەقامی شارەوانیی سەقز سەمیرا ئەحمەدییان دەستبەسەرکردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ڕابردوو، ٢١ی خەرمانان، ژنە چالاکێکی مەدنیی دیکەی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی هێرۆ قەدیمی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر کراوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە