گوڵشەهری کەرەج: لاوێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی حکوومەت کوژرا

لاوێکی کورد بەناوی حامید باقری، خەڵکی شاباد دوای بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ خۆپیشاندان لەدژی حکوومەت لە یەکێک لە شەقامەکانی گۆلشەهری کەرەج، لەگەڵ هێزەکانی

٢٢ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٣:٢٩


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣

لاوێکی کورد بەناوی حامید باقری، خەڵکی شاباد دوای بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ خۆپیشاندان لەدژی حکوومەت لە یەکێک لە شەقامەکانی گۆلشەهری کەرەج، لەگەڵ هێزەکانی حکوومەت تووشی تێکهەڵچوون بوو و لە ئەنجامدا هێزەکانی حکوومەت ڕاستەوخۆ ئەم لاوەیان داوەتە بەر گوللە و پاشان تەرمەکەشیان ڕفاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) حامید باقری، خەڵکی گوندی "تەجەرئەکبەر کەلهوڕ" سەر بە شاباد لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کرایە ئامانجی چوار گوللە و گیانی لەدەست دا. ئەم لاوە لە یەکێک لە شەقامەکانی گۆلشەهری کەرەج پێش کوژرانی خەڵکی بۆ خۆپیشاندان بانگهێشت کردبوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حامید باقری، پێش هێرشی هێزەکانی حکوومەت بۆ سەر حامید باقری، ناوبراو خەڵکی بانگهێشت کردبوو بۆ خۆپیشاندان و بەتەنیا لە دژی حکوومەت دروشمی وتووەتەوە.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند: بنەماڵەی حامید باقری، دوای بیستنی هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان ڕاستەوخۆی خۆیان گەیاندووەتە کەرەج، بەڵام هەتا ئێستا نەیانتوانیوە تەرمی کوڕەکەیان ببینن. ناوەندە حکوومەتییەکان لە ڕادەست کردنەوەی تەرمی ئەم لاوە بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن.
.
میدیاکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرەبەری نزیکبوونەوەی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، سەبارەت بە کوژرانی ئەم لاوە، بەشێویەکی سیستەماتیک دەستیان بە بەڵاوکردنەوەی هەواڵی دوور لە ڕاستی بە نێوەڕۆکی هەڵە و درۆ کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە