سنە/ دەستبەسەرکرانی دوو چالاکی کرێکاری لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە

دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە بەناوەکانی ئومێد ئەسەدی و مەجید حەمیدی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لەم شارە دەستبەسەرکران. لەماوەکانی ڕابردوودا ئەم دوو

٢٣ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٤:٢٣


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣

دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە بەناوەکانی ئومێد ئەسەدی و مەجید حەمیدی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لەم شارە دەستبەسەرکران. لەماوەکانی ڕابردوودا ئەم دوو هاووڵاتییە دەستبەسەر و بانگکرابوونە ناوەندە ئەمنییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، مەجید حەمیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لە شەقامی سیروسی ئەم شارە و لە ناو دوکانەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا. ئەم هێزانە بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی و دادوەری هەڵیانکووتابووە سەر شوێنی کاری ناوبراو.

مەجید حەمیدی کە، ئەندانی "کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری"یە، لە ڕەزبەری ساڵی ٢٧٠٧، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە درابووە بە دەستڕێژی گوللە و بەسەختی بریندارکرابوو. لە دوای ئەم ڕووداوەوە ناوبراو پێویستی بە چاودێری پزیشکی بەشێوەیەکی بەردەوام هەیە و لە ئەگەری درێژبوونەوەی ماوەی دەستبەسەرکرانی سەلامەتی تەندروستی ئەم چالاکە کرێکارییە دەکەوێتە مەترسی جدییەوە.

پێشتریش، مەجید حەمیدی بەهۆی چالاکییە مەدەنی و پیشەییەکانیەوەچەندین جار لەلایەن دەزگا دادوەریی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگکرابوو.

هەر لەم ڕاستایەدا، لە ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣، هێزەکانی حکوومەت هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کاری چالاکێکی کرێکاری دیکە لە شاری سنە بەناوی ئومێد ئەسەدی و دەستبەسەریان کرد.

لە جۆزەردانی ٢٧٢٢، ئومێد ئەسەدی لە ڕەوتی دادگاییکردنی پێشوویدا لە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە، بێ تاوان ناسێندرا. ناوبراو دواتر بە وەرگیرانی بەڵێنی نووسراو لێی، لە مافی بەشداریکردن لە چالاکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بێبەری کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی "کودەکی" سنە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای ئەم شارەوە بانگکرابوو و دەستبەسەرکرابوو. ناوبراو لە پێنجشەممەی ١٨ی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی تەواوبوونی دادگاییکرانی ئازادبوو.

شوێن و دۆخی ڕاگیران هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە، دراونەتە پاڵ ئومێد ئەسەدی و مەجید حەمیدی بە ناڕوونی ماوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە