دەستبەسەرکردنی محەممەد چاوشینی، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بانە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

هێزە چەکدارەکانی حکوومەت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەد چاوشینی، خەڵکی شاری بانە و دوای ئەوەی کە دەستبەسەریان ک

٢٣ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٦:٠٩


هەنگاو: پێنجشەممە ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣

هێزە چەکدارەکانی حکوومەت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەد چاوشینی، خەڵکی شاری بانە و دوای ئەوەی کە دەستبەسەریان کردووە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، محەممەد چاوشینی، تەمەن ٥٥ ساڵ، خەڵکی گوندی "وەرچەک"ی سەر بە شاری بانە و دانیشتووی ئەوشارە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە حکوومەتییەکان بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٣ی خەرمانان) هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە لە گەڕەکی "حەمزەئاوای"ی بانە و دەستبەسەریان کردووە.

شایانی باسە کە ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردووش شێرکۆ چاوشینی، کوڕی محەممەد چاوشینی لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری "سەرتەزین"ی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ناوبراو و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە