دەستبەسەرکردنی چوار ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
ئارمین ڕۆستەمی، برای ئایدا ڕۆستەمی، پزیشکی گیانبەختکردوو، ئومێد نیازی، برای موحسین نیازی، گیانبەختکردووی شاری دێولان، هەروەها موعەید ساعیدی و
هەنگاو: پێنجشەممە ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣
ئارمین ڕۆستەمی، برای ئایدا ڕۆستەمی، پزیشکی گیانبەختکردوو، ئومێد نیازی، برای موحسین نیازی، گیانبەختکردووی شاری دێولان، هەروەها موعەید ساعیدی و ڕێزان ساعیدی، برا و پووری سارینا ساعیدی، گیانبەختکردووی تەمەن ١٦ ساڵی شاری سنە، چوار ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، ئارمین ڕۆستەمی، برای ئایدا ڕۆستەمی، پزیشکی گیانبەختکردووی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی کە لە تاران و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە کوژرا، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
هەر هەمان ڕۆژ ئومێد نیازی، برای موحسین نیازی، لاوی گیانبەختکردووی شاری دێولان، لە ڕێگەی دێولان - سنە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.
هاوکات موعەید و ڕێزان ساعیدی، برا و پووری سارینا ساعدی، لاوی گیانبەختکردووی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان ئازادی"دا گیانی لەدەست دا، لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی سنە دەستبەسەر کراون. شایانی باسە کە ئەم دوو مێرمنداڵە دەستبەسەرکراوە هەردووکیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵە.