ڕاپۆرت/ میلیتاریزەکرانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە ڕاستای ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و ڕەشبگیری هاووڵاتییان

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، هێزەکانی حکوومەت بە تایبەتی هێزەکانی سوپای پاس

٢٤ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢١:٢٣


هەنگاو: هەینی، ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، هێزەکانی حکوومەت بە تایبەتی هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شارەکانی کوردستان گواستراونەتەوە و ئەم هێزانە کەشی ترس، تۆقاندن و شەڕیان دروستکردووە. هەروەها لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا زیاتر لە ٩١ هاووڵاتیی لە کوردستان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکراون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٥ ڕۆژی یەکەمی مانگی سێپتامبری ٢٠٢٣، لانی کەم ٩١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکراون و سەدان هاووڵاتییش بانگکراون و سەرەڕای لێپرسینەوە هەڕەشەیان لێکراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە هاووڵاتییان بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە، لە بەرەبەری بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت لە شارەکانی سەقز، سنە، کرماشان، بیجاڕ، مەریوان، بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، ئاودانان، سەراوڵە، ئەیوان، کامێران، ئورمیە، پیرانشار، دیواندەرە، سەوڵاوا، و تیکاب جێگیراون و ئەم شارانە بە تەواوەتی میلیتاریزە کراون.

لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەرمانان، ژمارەیەکی بەرچاوی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە چەک و چۆڵی قورس و نیزامییەوە بەرەو شاری سەقز گواستراونەتەوە. چەند فرۆکەیەکی سوپای پاسداران هەتا پێش شاری سەقز یاوەری ئەم هێزانەیان کردووە.

هەروەها، تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی هێزەکانی سوپای پاسداران لە گۆڕستانی ئایچی سەقز و لە نزیک گۆڕی ژینا ئەمینی جێگیرکراون. هەروەها هێزێکی زۆری حکوومەتی لەسەر ئاستی شاری سەقز بە تایبەی لە گۆڕەپانی هەڵۆ، گۆڕەپانی ئازادی، بەردەم گەراج، قەوەخ و گەڕەکی زانکۆ بڵاوەیان پێکراوە.

لە شاری مەهاباد، لە ڕێگای پەرژینی ئاسنییەوە دەرگای چوونە ژوورەوەی گۆڕستانی ئەم شارە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە داخراوە. لە درێژەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانان، کاروانێکی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت پێکهاتوو لە لانی کەم ١٢ ئۆتۆمبێل و دەیان ماتۆڕ سواری ئەم هێزانە بە مانۆڕ و نمایشی نیزامییەوە چوونەتە ناو شاری مەهاباد.

لە درێژەدا، لە شاری بۆکان ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی حکوومەت جێگیرکراون و پارچەی بتونی لە پێشدا دروستکراو لە پیادەڕۆکانی ئەم شارە کۆکراونەتەوە. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی وەرزشکار بەناوی میلاد مستەفەوی دەستبەسەرکرا. هەروەها هەمان دۆخ بەسەر شاری پیرانشاردا سەپێندراوە و ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی حکوومەت لەم شارەدا جێگیرکراون.

هەروەها هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە سەرتاسەری شاری سنەدا، ڕێژەی نیزامییان ئەنجامداوە و بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ هەنگاو نێردراوە، دەردەکەوێت کە ئەم هێزانە بەشێوەیەکی چڕ لە گەڕەکەکانی فەرەجە، حەسەن ئاوا و گۆڕەپانی ئیقباڵ (ئازادی) جێگیرکراون. هەروەها لە ڕۆژی هەینی، دەیان کەس لە هێزەکانی حکوومەت لە گەڕەکەکانی حەسەن ئاوا و فەرەجە دەستیان بە گەشت لێدان کردووە و جەوی ترس و تۆقاندنیان لەم گەڕەکانە بڵاو کردووەتەوە.

لە درێژەی ڕەوتی میلیتاریزە کردنی کوردستان، هێزەکانی حکوومەت لەسەر چەند ڕێگایەکی سەرەکی شاری بیجاڕ سەنگەریان بەمەبەستی سەرکوتی خۆپیشاندەران دروستکردووە. هەروەها لە شاری مەریوان، لە ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان ژمارەیەک زۆری هێزەکانی حکوومەت بە چەک و چۆڵی نیزامییەوە لە گۆڕەپانی بێسارانی ئەم شارە جێگیرکراون.

شەوی سێشەممە ٢١ی خەرمانان، هێزەکانی حکوومەت لە سەرتاسەری شارەکانی دەوروبەری پارێزگای ئیلامدا جەوی ترس و تۆقاندنیان سەپاندووە.

هەنگاو، پێشتر لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە بڵاوی کردووە، کە ژمارەیەکی زۆری ئەم هێزانە بە دەیان ئۆتۆمبێلەوە هاتوونەتە ناو ئەم شارانە بە تایبەتی ناو شاری ئاودانان و دەستیان بە گەشت لێدان و دروستکردنی خاڵی پشکنین کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانان، کاروانێکی نیزامی پێکهاتوو لە سێ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەرکوت و مینی بۆسێک لە ناوەندی فەرماندەیی ئینتزامی ئیلامەوە بۆ شاری سەراولە ناوەندی چراودڵ سەر بەم پارێزگایە گواستراوەتەوە لە بینای خەوتنگەی قوتابیانی بەشی فریاگوازارییە خێراکان جێگیرکراون.

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر بۆ ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، هەنگاو جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە کەشی ئێستای شارەکانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی بە "بارودۆخی شەڕ" دەناسێنرێت بە تەواوەی هاوشێوەیە و لەبارەی هەرچەشنە سەرکوتێکی بەرفراوانی هاووڵاتییان لە ڕۆژانی داهاتوودا هۆشداری دەدات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە