دەستبەسەرکرانی توندوتیژانەی دوو هاووڵاتی لە مەهاباد

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانەی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵێک لە مەهاباد، دوای شکاندنی دەرگای چوونە ژوورەوە لە ڕێگای دەستڕێژی گوللەوە، لانی

٢٤ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٢:٣٩


هەنگاو: هەینی، ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانەی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵێک لە مەهاباد، دوای شکاندنی دەرگای چوونە ژوورەوە لە ڕێگای دەستڕێژی گوللەوە، لانی کەم دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکران. ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندیشە، ناوی ئەو دوو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەن کە، بۆ هەنگاو ئاشکرابووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی هەینی ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندیشە لە ماڵەکانیاندا لە گەڕەکی گۆڕەپانی ئیستقلالی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە شێوەیەکی توندوتیژانە و بە بەکارهێنانی لێدان و کوتان دەستبەسەرکران.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سوپای پاسداران لە کاتێکدا کە، دەموچاویان شاراوە بووە، دوای شکاندنی دەرگای ماڵ بە دەستڕێژی گوللە، چوونەتە ناو ماڵ و بەشێوازێکی توندوتیژانە و لێدانی توند ئەم دوو هاووڵاتییەیان دەستبەسەرکردووە.

ڕێگای کۆڵانی بەرە و ماڵی ئەم دوو لاوە دەستبەسەرکراوە لەلایەن ئەم هێزانەوە داخراوە و کەشێکی تۆقێنەر بەهۆی تەقەی بەردەوامی ئەم هێزانە بەسەر دانیشتوانی ئەم گەڕەکەدا سەپێندراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندیشە لەبەردەستدانییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە