دەستبەسەرکرانی دوو مامۆستا و چالاکێکی ژینگەپارێزی لە شاری سەقز لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان

دوو مامۆستای خەڵکی سەقز بە ناوەکانی ئەمین مینایی و عەزیز مەرزی و ئازاد ئەمینی چالاکی ژینگەپارێزی و ئەندامی ئەنجوومەنی «هیوای زانست» لەلایەن هێزە

٢٤ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٣:٤٦


هەنگاو: هەینی ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣

دوو مامۆستای خەڵکی سەقز بە ناوەکانی ئەمین مینایی و عەزیز مەرزی و ئازاد ئەمینی چالاکی ژینگەپارێزی و ئەندامی ئەنجوومەنی «هیوای زانست» لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستبەسەر کران.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوا نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) عەزیز مەرزی، مامۆستای خەڵکی سەقز و چالاکی ژینگەپارێزی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا.

هاوکات ئەمین مینایی، مامۆستای خانەنشین کراو، ڕاهێنەری مانگی سوور و بەرپرسی پێشووی لیژنەی شاخەوانی سەقز، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر کراوە.

هەر لەم ڕۆژە، ئازاد ئەمینی ئەندامی ئەنجوومەنی هیوای زانستی سەقز دوای ئەوەیکە لە گوندی هێجانان دەستبەسەر و بۆ شاری سەقز گواستراوەتەوە و دوای پشکنینی ماڵەکەی ڕەوانەی بەدەستبەسەرگەی ئیتلاعات کراوە.

هەتا کاتی نووسینەوەی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ عەزیز مەرزی، ئەمین مینایی و ئازاد ئەمینی لەبەردەستد نییە.

جێگای ئاماژەیە کە، عەزیز مەرزی پێشتر ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لە بەرەبەری ڕۆژی مامۆستا دەستبەسەر و دوای چەند ڕۆژ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندی سەقز ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە