دەستبەسەرکردنی نایاساییی ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی

ئەمجەد ئەمینی، باوکی گیانبەختکردوو ژینا ئەمینی، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی کچەکەی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، هەر کە لە ماڵەکەی خۆیان هاتووە

٢٥ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٠:٣٥


هەنگاو: شەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣

ئەمجەد ئەمینی، باوکی گیانبەختکردوو ژینا ئەمینی، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی کچەکەی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، هەر کە لە ماڵەکەی خۆیان هاتووەتە دەرەوە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، ئەمجەد ئەمینی، باوکی گیانبەختکردوو ژینا ئەمینی، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە شەقامی "مامۆستا هەژار"ی شارۆچکەی "دانشگاە" (زانکۆ) ی شاری سەقز، لەلایەن کۆمەڵێکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا.

شایانی باسە سەرەڕای ئەوەی ناوەندە حکوومەتییەکان ئاگادارییان بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دابوو کە نابێت ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کچەکەیان بەڕێوە ببەن، ئەم بنەماڵەیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند: "ئێمەی بنەماڵەی ژینا، وەک هەموو بنەماڵەیەکی خەمبار، لە ساڵیادی گیانبەختکردوونی کچە شیرینەکەمان ژینا (مەهسا) ئەمینی، لەسەر گۆڕی ئەو ئازیزە کۆچکردووە کۆ دەبینەوە و ڕێوڕەسمی ڕەسەن و ئایینیی ئەو ساڵیادە بەڕێوە دەبەین".

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوو و ڕۆژانی پێش ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ئەمجەد ئەمینی لانی کەم چوار جار لەلایەن ناوەندە حکوومەتییە جیاوازەکانەوە بانگ کراوە و لەسەر بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادی ژینای کچی وێڕای ئەوەی لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە، بێڕێزیشی پێ کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر واتە ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣، هێزەکانی ئیدارەی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەفا عائێلی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خاڵۆی بچووکتری ژینا ئەمینی لە شاری سەقز دەستبەسەریان کردووە و تاکوو ئێستاش هەر لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەدایە و دۆخێکی یاساییی ناوبراو ناڕوونی هەیە.

بارودۆخی شاری سەقز بەتایبەت دەوروبەری ماڵی بنەماڵەی ئەمینی و ڕێگەکانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی (گۆڕی ژینا) بە چڕوپڕی میلیتاریزە کراوە و هێزە سەربازی - حکوومەتییەکان لە هەموو شوێنێکی ئەو شارە پڕچەک و بە کەرەستەی شەڕەوە جێگیر کراون.

هەنگاو وێڕای ئیدانەکردنی دەستبەسەرکردنی نایاساییی باوکی ژینا ئەمینی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە گرنگییەکی تایبەت بە دۆخی ئەمنییەتیی شارەکانی کوردستان و بەتایبەت شاری سەقز بدەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە