دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی جوانڕۆ، کامێران و دیواندەوە

سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئارمان سوهرابی، خەڵکی شاری دیواندەرە و جەبار مەحموودی، خەڵکی شاری جوانڕۆ و محەممەد مورادینژاد، خەڵکی شاری ک

٢٥ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٧:٤٠


هەنگاو: شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣

سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئارمان سوهرابی، خەڵکی شاری دیواندەرە و جەبار مەحموودی، خەڵکی شاری جوانڕۆ و محەممەد مورادینژاد، خەڵکی شاری کامێران لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، ئارمان سوهرابی، مامۆستای قوتابخانە و خەڵکی شاری دیواندەرە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

هاوکات محەممەد مورادینژاد، خەڵکی گوندی "ئەڵک"ی سەر بە شاری کامێران و فەرمانبەری بەڕێوەبەریی سامانە سروشتییەکان لەو شارە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران بانگ کراوە و دوای سەردانی بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییە دەستبەجێ دەستبەسەر کرا.

ساڵی ڕابردووش محەممەد مورادینژاد بەهۆی چالاکییەکانییەوە لەلایەن دەستەی لێپرسینەوەی سەرپێچییەکان لە ناوەندی جیهادی کشتوکاڵ، سزای ڕاگرتنی مووچەکەی و کاری زیادەی بەسەردا سەپا.

لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوی جەبار مەحموودی، کۆمێدیکار و بلۆگەر، حەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەستبەسەر کراوە و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و هەروەها بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان لەسەر چارەنووسی کوڕەکانیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە