دەستبەسەرکردنی شەش هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

مێرمنداڵێکی کورد بە ناوی کاوان ڕەزایی تەمەن ١٥ ساڵ، خەڵکی شاری سنە و پێنج هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی محەممەدباقر مورادیان و بابەک زولفەقاری،

٢٦ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٣:٥٧


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٣

مێرمنداڵێکی کورد بە ناوی کاوان ڕەزایی تەمەن ١٥ ساڵ، خەڵکی شاری سنە و پێنج هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی محەممەدباقر مورادیان و بابەک زولفەقاری، خەڵکی شاباد، بەختیار نەزەری، خەڵکی مەریوان، ڕەحیم عەزیزی، خەڵکی جوانڕۆ و فەرزاد ڕەحمەتی، خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، دوکتۆر ڕەحیم عەزیزی، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "بیاشۆش"ی سەر بە شاری جوانڕۆ، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە خاوەنی بڕوانامەی دوکتۆرای ئامارە و ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ١٠ ڕۆژ ئازاد کرا. شایانی باسە کە ناوبراو لە بەفرانباری هەمان ساڵدا لەلایەن لقی ٤ی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە سزای ٤ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

هاوکات ڕۆژی شەممە، محەممەد باقر مورادیان و بابەک زولفەقاری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شابادی سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزەحکوومەتییەکانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراون.

هەر لەو ڕۆژەدا بەختیار نەزەری، تەمەن ٤٣ ساڵ، وێنەگر و کامێرامانی (ڤیدیۆگرافەر) خەڵکی شاری مەریوان دوای ئەوەی کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بانگ کراوە و سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەی کردووە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

لە درێژەی دەسبەسەرکراوانی ڕۆژی شەممە، فەرزاد ڕەحمەتی و خەڵکی شاری سەقز بە هۆکاری ناڕوون لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بۆ بارودۆخی ناوبراو هیچ ئاکامێکی نەبووە.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣، کاوان ڕەزایی، تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە دەستبەسەر کراوە.


ئەم لاوە دوای دەستبەسەرکردنی گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە