دەستبەسەکردنی حەوت هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

حەوت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی مێهران ساعدی، سیروان حەسەنی و محەممەد غەفوورینژاد، خەڵکی شاری سەقز، بێهروز گوڵنەما، خە

٢٦ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٦:٤٢


هەنگاو: یەکشەممە ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٣

حەوت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی مێهران ساعدی، سیروان حەسەنی و محەممەد غەفوورینژاد، خەڵکی شاری سەقز، بێهروز گوڵنەما، خەڵکی شاری سنە، سامان خالیدیان، خەڵکی شاری دیواندەرە، هاوڕێ خاڕەزم خەڵکی شاری شنۆ و هەروەها مەهدی فەیزی، خەڵکی شاری قوروە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی خەرانانی ٢٧٢٣ (١٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، سامان خالیدیان، خەڵکی گوندی "نەسارە"ی سەر بە شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردووش محەممەد غەفورینژاد، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، لە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ تاران پاش ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی سوپای پاسداران لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەری ئەو هاووڵاتییە و لەناو سندوقی ئۆتۆمبێلێکی سواریدا بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

لە لایەکی دیکە ڕۆژی شەممە، ٢۵ی خەرمانان، مێهران ساعدی، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە شەقامێکی ئەو شارە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.


هاوکات سیروان حەسەنی، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە شەقامی "شەهرەکی دانشگاە" (شارۆچکەی زانکۆ) لەو شارە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
هەر ڕۆژی شەممە، بێهروز گوڵنەما، تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لە شەقامێکی ئەو شارە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


دوای دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان، ئەو هێزانە دەستیان بەسەر ئۆتۆمبیلەکەشیدا گرتووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ناوبراو لە بەردەستدا نییە.


لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکاندا دیسان ڕۆژی ڕابردوو، هاوڕێ خاڕەزم خەڵکی گوندی "خانلەر"ی سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو ساڵی ڕابردووش بەهۆی چالاکییەکانی جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


هەر لە هەمان ڕۆژدا، هێزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەییی مەهدی فەیزی، خەڵکی شاری قوروە و دەستبەسەریان کردووە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە