ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر دوایین دۆخی فەردین جەعفەری، کە لە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینیدا بریندارکرا

فەردین جەعفەری، خەڵکی سەقز، کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان بەسەختی بریندارکرابوو، هەتا ئێستا ئاستی هۆشیاری لە سێ دایە و لە بەش

٢٦ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٢:٥٤


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٣

فەردین جەعفەری، خەڵکی سەقز، کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان بەسەختی بریندارکرابوو، هەتا ئێستا ئاستی هۆشیاری لە سێ دایە و لە بەشی چاودێری چڕدا ڕاگیراوە. گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەکانی سنە بەهۆی خراپی باری تەندروستی و پێویستیی بە چاودێری پزیشکی بە شێوەیەکی بەردەوام لە ئێستادا ناتوانرێت ئەنجام بدرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دۆخی تەندروستی فەردین جەعفەری، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی مامەشا، هێشتا ناجێگیرە و گوللەکە نەتوانراوە لە سەری دەربهێنرێت.

بەوتەی سەرچاوەیەژی نزیک لە بنەماڵەی جەعفەری، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی چڕ و پڕ چاودێری ژووری فەردین جەعفەری دەکەن. بەپێی قسەی شایەتحاڵان تەنیا ژووری فەردین لەژێر چاودێریدا نییە، بەڵکوو، هێزە ئەمنییەکان هەموو نەخۆشخانەکەیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و هەموو هاتووچۆیەکی نەخۆشخانە بەمەبەستی پێشگرتن لە زانیاری گەیاندن کۆنترۆڵ دەکەن.

هەروەها، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر تەلەفۆنی سەعید و یاسین جەعفەری، باوک و برای فەردین جەعفەریدا گرتووە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی جەعفەری، تەقە کردنەکە لە پێش چاوی بنەماڵەی فەردین ڕووی داوە و بنەماڵەی وردەکاری تەقەکردنەکەیان دیتووە وبەم حاڵەشەوە ناوەندە ئەمنییەکان هەوڵ دەدەن بە هەرەشە و گوشار بنەماڵەکەی ناچار بکەن بڵێن ئەم تەقەکردنە لەلایەن حیزبەکان کوردستانییەکان ڕووی داوە.

بە پێی قسەی ئەم سەرچاوە، فەردین جەعفەری لە بواری مێشکییەوە پێویستی بە یارمەتی تایبەت هەیە، فەردین کرێکاری بیناسازی بووە و بە هۆی ترس و دڵەڕاوکەی دوای دیتنی هێزی زۆری ئەمنی، هەڵهاتووە و هێزەکانی سوپای پاسداران دەستبەجێ تەقەیان لێ کردووە و بە سەختی بریندار بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە