دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری قوروە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری قوروە بە ناوی ئارمان سولتانیان و هاووڵاتیی تورکی خەڵکی شاری سرێشاوا بە ناوی محەممەد شێخجەعفەری، لەلایەن هێزە
هەنگاو: سێشەممە، ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣
هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری قوروە بە ناوی ئارمان سولتانیان و هاووڵاتیی تورکی خەڵکی شاری سرێشاوا بە ناوی محەممەد شێخجەعفەری، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرلەنیمەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، ئارمان سولتانیان، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری قوروە و دووکاندار، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو ساڵی ڕابردووش لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا جارێکی دیکە بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو.
هەروەها پێشتریش واتە ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سرێشاوا هەڵیانکوتاوەتە سەر هاووڵاتییەکی ماڵی تورکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی محەممەد شێخجەعفەری و دەستبەسەریان کردووە.
ئەو دوو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردنیان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواستراونەتەوە و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەربوونیان و هەروەها بارودۆخی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم شەش هاووڵاتی لە شاری قوروە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.