دەستبەسەرکردنی ٩ هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا

لە سەرەتای ئەم حەفتەیەوە، ٨ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری قوروە بە ناوەکانی ڕەسووڵ سوڵتانیان، ئارمان سوڵتانیان، عەبدوڵڵا عە

٢٩ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٢:٢٢


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣

لە سەرەتای ئەم حەفتەیەوە، ٨ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری قوروە بە ناوەکانی ڕەسووڵ سوڵتانیان، ئارمان سوڵتانیان، عەبدوڵڵا عەبدولمەلکی، مەهدی فەیزی، ئارمان کووهی، ئومێد خۆسرەوی و دوو مێرمنداڵی تەمەن ١۵ ساڵ بە ناوەکانی تەها وەرمەقانی و مەتین قەنبەری و هاووڵاتییەکی تورکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی محەممەد شێخ‌جەعفەری، هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، ئارمان سوڵتانیان و ڕەسووڵ سوڵتانیان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری قوروە دەستبەسەر کراون.

ئارمان سوڵتانیان، کاسبکارێکی شاری قوروەیە و ساڵی ڕابردووش جارێک دیکە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کراوە.

پێشتریش واتە ڕۆژی شەممە، ٢۵ی خەرمانان، دوو مێرمنداڵی تەمەن ١۵ ساڵی خەڵکی شاری قوروە بە ناوەکانی مەتین قەنبەری و تەها وەرمەقانی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەو شارە دەستبەسەر کراون.

لە لایەکی دیکەوە هەمان ڕۆژ و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، عەبدوڵڵا عەبدولمەلکی، مامۆستای خانەنیشنکراو (مامۆستای قوتابخانە) و مەهدی فەیزی لەلایەن کۆمەڵێک لە هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هەنگاو پێشتر ڕایگەیاند کە عەبدوڵڵا عەبدولمەلکی لە شەقامێکی شاری قوروە دوای ئەوەی لە سووکایەتیکردن و بێڕێزیکردنی هێزەکانی سوپای پاسداران بە کچانی ناڕازی ڤیدیۆی لێیان تۆمار کردووە و هەروەها مەهدی فەیزی لە ماڵی خۆیدا، دەستبەسەر کراون.

دوای دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییان لە ڕۆژی شەممە، ٢۵ی خەرمانان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر هاووڵاتییەکی تورک بە ناوی محەممەد شێخ‌جەعفەری، خەڵکی شاری سرێشاوا و دەستبەسەر کراوە.

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکاندا سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممەی ئەم حەفتەیە، مێهران کووهی، خوێندکاری قۆناغ ماستەری ئەندازیاری نەرمەئامێری کۆمپیوتەر لە زانکۆی کوردستانی سنە و ئومێد خۆسرەوی، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی، لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری قوروە دەستبەسەر کراون.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دروانەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و هەروەها شوێن و دۆخی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە