کوشتنی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵە لەلایەن باوکیەوە

١ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٢:٤٧


هەنگاو؛ شەممە ١ی ڕەزبەر٢٧٢٣

کچێکی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شاری ڕەبەت بە ناوی هایدە حەسەنزادە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە. تەرمی ئەم کچە ٤ مانگ لە دوای کوژرانی، چەند ڕۆژێک لەمەبەر لە بەنداوی سەردەشت دۆزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، تەرمی هایدە حەسەنزادە، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری ڕەبەت لە ناو بەنداوی شاری سەردەشت لە کاتی بەتاڵ کردنی ئاوی بەنداوەکە لەلایەن هاووڵاتییانەوە دۆزرایەوە.

تەرمی ئەم کچە لە حاڵێکدا دۆزرایەوە کە بلۆکێکی چیمەنتۆی لە پێیەکانی بەستراوە و دەست، چاوی و زاری بە لەزگە) چەسپ) بەستراوە.

هایدە حەسەنزادە لە مانگی جۆزەردانی ئەم ساڵدا، واتە نزیکی چوار مانگ لەمەوبەر بێ سەر شوێن بووە، بنەماڵەکەی پێشتر بۆ پەردەپۆشکاری لە کوشتنی کچەکەیان، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە کچەکەیان چووەتە دەرەوەی ئێران.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئومێد حەسەنزادە، باوکی ئەم کچە تەمەن ١٦ ساڵە و دوو کچی دیکە، لە ئێستادا دەستبەسەر کراوە و دانی بە تاوانی کوشتنی کچەکەی ناوە.


سەرچاوەیەکی نزیکی ئەم بنەماڵەیە، بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە هۆکاری کوشتنی هایدە درەنگ گەڕانەوە بۆ ماڵە و بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە