دەرکردنی پەریسا وریانی بەرپرسی قوتابخانەی هونەرە جوانەکانی سنە بە هۆی پاڵپشتی لە قوتابییان

لە درێژەی شەپۆلی دەرکردنی مامۆستایان لە ناوەندە پەروەردەیییەکان، پەریسا وریانی بەرپرسی قوتابخانەی هونەرە جوانەکانی سنە، لەسەر کار دەرکرا.

٣ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٧:٠٠


هەنگاو: دووشەممە ٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٣


لە درێژەی شەپۆلی دەرکردنی مامۆستایان لە ناوەندە پەروەردەیییەکان، پەریسا وریانی بەرپرسی قوتابخانەی هونەرە جوانەکانی سنە، لەسەر کار دەرکرا.


بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەریسا وەریانی بە هۆی پاڵپشتی لە قوتابییان لە بەرانبەر هێزە حکوومەتییەکان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەکار دەرکراوە.


لەسەرکار دەرکردنی ئەم مامۆستایە، لە درێژەی ئەو ڕەوتەیە کە مامۆستایانی ڕەخنەگر دژ بەئەمنییەتی کردنی ناوەندە پەروەردەیییەکان لە سەرانسەری ئێران وەستانەوە، ئەمنییەتی کردنی قوتابخانەکان لە سەرەتای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەیییەکان دەستی پێکرد.


ماوەیەک پێشتر، لیژنەی سەرپێچی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان، حوکمی خانەنشین کردنی زۆرەملێی بۆ مامۆستای فیزیکی قوتابخانەی سەقز بە ناوی شیلان یووسفی دەرکرد.


هەروەها شیوا عامڵی ڕاد ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان دوای ئەوەی بە بێ حیجابی زۆرەملێ لە ڕێوڕەسمێکی نێودەوڵەتی بەشداری کرد، بە فەرمانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە کارەکەی دەرکرا

.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینی و لە ماوەی کەمتر لە ٩ مانگدا، لانی کەم ١١٠ منداڵ و قوتابی و هەروەها ٤٧ مامۆستا لە شارەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ١٧ مامۆستا حوکمی بەندکران و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

لەم ماوەدا، لانی کەم ٤٧ مامۆستا لە شارەکانی ئێران دەستبەسەر و ٢٦ کەسیان مامۆستایانی کورد بوون، لە کۆی گشتی ٤٧ مامۆستایە کە دەستبەسەر کراون ٦ کەسیان ژن بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە