دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتی لە سنە و دێولان

ئەرسەلان پوریا، لاوی خەڵکی سنە و محەممەد محەممەدی خەڵکی شاری دێولان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

٤ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ٠٩:٤٨


هەنگاو؛ سێشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٣


ئەرسەلان پوریا، لاوی خەڵکی سنە و محەممەد محەممەدی خەڵکی شاری دێولان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا محەممەد محەممەدی، لاوی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی شارۆچکەی بڵواناوا سەر بە شاری دێولان لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەرکراوە.

هەروەها، ئەرسەلان پوریا، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی گوندی قار سەر بە بەشی ناوەندی سنە، ڕۆژی هەینی ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەرسەلان پوریا و دەستبەسەریان کردووە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە