ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر بەردەوامیی بێسەروشوێنکردنی وریشە مورادی، ژنە چالاکێکی خەڵکی شاری سنە

وریشە مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، ژنە چالاکی سیاسی و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان و هەروەها ئەندامی "کەژار" (کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستا

٤ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١١:٠٧


هەنگاو: سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

وریشە مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، ژنە چالاکی سیاسی و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان و هەروەها ئەندامی "کەژار" (کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) نزیک بە دوو مانگە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە لە ڕێگەی مەریوان - سنە ڕفێندراون و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ وریشە مورادی، ناسراو بە "جوانا سنە"، چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری سنە، نزیک ٥٦ لەمەوبەر لە ڕێگەی سنە - مەریوان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە (ئەگەری هەیە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندرابێت).

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان؛ سەرەڕای ئەوەی کە وریشە مورادی بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراوە، لە کاتی دەستبەسەرکردنی ناوبراو لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ئەشکەنجە دراوە و بێڕێزیی پێ کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو؛ وێڕای برینداربوونی ئەو هاووڵاتییە بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، بەبێ تیمار و چارەسەرکردنی برینەکانی و چاودێریی پزیشکی، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

پاش ڕفاندنی ئەو ئەندامەی "کەژار" واتە لە ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی وریشە مورادی لە بەردەستدا نییە. هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەسەر بارودۆخی تەندروستی و یاساییی وریشە مورادی، دۆخی یاساییی ناوبراو بە ڕفاندنی نامرۆڤانەی هێزە حکوومەتییەکان لەقەڵەم دەدات و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە گرنگییەکی تایبەت بە دۆسیە و بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە بدەن.

ئەمڕۆ سێشەممەو ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ کەژار لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی ڕفاندنی جوانا سنە، داوای لە هەواڵنێرانی تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد کە لەسەر بێسەروشوێنکردنی نامرۆڤانەی وریشە مورادی و هەروەها بۆ پێشگرتن بە سیناریۆ سازیی ناوەندە حکوومەتییەکان ڕێوشوێنی پێویست بگرنە پێش.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە