بارودۆخی دژواری تەیفوور سەلیمیی بابامیری، دوای حەوت مانگ دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان

تەیفوور سەلیمیی بابامیری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان کە حەوت مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێ

٤ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١١:٣٣


هەنگاو: سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

تەیفوور سەلیمیی بابامیری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان کە حەوت مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا هەواڵی دەستبەسەربوونی بڵاو نەکراوەتەوە، بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانەی ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ناچارکردنی دانپێدانانی زۆرەملێ، تووشی کێشەی جددیی جەستەیی و دەروونیی دژوار بووە و هەنووکەش بارودۆخی ناوبراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ناجێگیرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ تەیفوور سەلیمیی بابامیری، تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان کە حەوت مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، لەو ماوەیەدا بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانەی بەردەوامی ناوەندە حکوومەتییەکان کێشەی جددیی جەستەیی و دەروونی بووە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو هاووڵاتییە باوکی دوو منداڵە و جگە لەوەی لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا جارێک تووشی جەڵتەی مێشک بووە، بەهۆی ئەشکەنجەدانی بەردەوامەوە دەستێکی شکاوە و "شان"یشی لەجێ چووە. هەروەها پەردەی گوێیەکی دڕاوە و هەردوو چاویشی زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە.

سەرچاوەیەک لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە: تەیفوور سەلیمیی بابامیری، لە شەشەمین مانگی دەستبەسەربوونی و لە کاتی گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ئورمیە، تەنیا یەکە جار پەیوەندییەکی کورتماوەی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

ناوبراو لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکان بەوەی کە پێی دەوترێت "هاوکاریی دەرمانی و پزیشکی بۆ برینداربووانی ناڕەزایەتییەکان" لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، تۆمەتبار کراوە.

ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە تاکوو ئێستاش بۆ ژووری تاکەکەسی دەگواسترێتەوە و دوای گوشاری بەردەوام و ئەشکەنجەی دڕندانە، دیسان بۆ بەندی گشتیی بەندیخانەی ئورمیە دەگەڕێندرێتەوە.

تەیفوور سەلیمیی بابامیری لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ و لە شاری بانە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و پاش چەند مانگ ئەشکەنجە و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی بەردەوام، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە