ناڕوونیی چارەنووسی ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندێشە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی دڕندانەی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندێشە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە،

٥ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٥:١٣


هەنگاو: چوارشەممە، ۵ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی دڕندانەی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندێشە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

بەپێی بە ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ناڕوونیی چارەنووسی ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندێشە، دوو هاووڵاتیی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد کە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، نیگەرانی لێ کەوتووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەهاباد، بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە لەسەر بارودۆخی کوڕەکانیان هیچ ئەنجامێکی نەبووە و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانیان و تەنانەت باری تەندروستییان لە بەردەستدا نییە.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی تایبەت لەسەر ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندێشە ڕاگەیاندووە: "هێزەکانی سوپای پاسداران لە کاتێکدا کە دەموچاویان داپۆشیوە، دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکانیان بە دەستڕێژی گوللە، چوونەتە ناو ماڵەکانیان و بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدانی و بێڕێزیکردن ئەم دوو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە".

ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندێشە، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) لە ماڵەکانیانی خۆیان لە گەڕەکی گۆڕەپانی ئیستقلالی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدانی و بێڕێزیکردن دەستبەسەر کران.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندێشە لەبەردەستدانییە.
.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە