دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی قوروە و دێلۆڕان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە

هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی کیانووش چراغی، خەڵکی شاری "دێلۆڕان"ی سەر بە پارێزگای ئیلام و هەر

٥ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ٢٣:١١


هەنگاو: چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی کیانووش چراغی، خەڵکی شاری "دێلۆڕان"ی سەر بە پارێزگای ئیلام و هەروەها حوسێن سەنگینابادی، خەڵکی شاری قوروە و دەستبەسەریان کردوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ۵ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی کیانووش چراغی، تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی شاری دێلۆڕان و دەستبەسەریان کردووە.

ناوبراو کە پێشتر وەک فەرمانبەری بەڕێوەبەریی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی شاری دێلۆڕان بوو، دوای ئەوەی لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەی کرا، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر دەستبەسەرکردنی، لەو بەڕێوبەرایەتییە و لەسەر کاری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاندووە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە ناڕازییە لەسەر بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام و لە ڕۆژانی پێش لە ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی بووە.

هەروەها پێشتریش واتە کاتژمێر ١٠ی شەوی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، حوسێن سەنگینابادی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی شاری قوروە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو کاسبکارێکی بازاڕی شاری قوروەیە کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەری و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەریان کردووە و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر شوێن و ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان، لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە