دەستبەسەرکردنی چوار کاسبکاری خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

چوار کاسبکاری بازاڕی شاری بۆکان بە ناوەکانی سەید ئەسعەد یووسفی، تاهیر ئەمانی، مستەفا ڕۆشنی و قارەمان لوتفی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

٦ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١١:٠٢


هەنگاو: پێنجشەممە، ۶ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

چوار کاسبکاری بازاڕی شاری بۆکان بە ناوەکانی سەید ئەسعەد یووسفی، تاهیر ئەمانی، مستەفا ڕۆشنی و قارەمان لوتفی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ۵ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، چوار کاسبکاری بازاڕی شاری بۆکان و خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی سەید ئەسعەد یووسفی، تەمەن ۶٥ ساڵ، مستەفا ڕۆشنی، تەمەن ۵۵ ساڵ، تاهیر ئەمانی، تەمەن ۵٢ ساڵ و قارەمان لوتفی، تەمەن ٤٠ ساڵ، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


تاهیر ئەمانی لە کاتی هاتنە دەرەوە لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و دواتریش هێزە حکوومەتییەکان ماڵەکەیان بەتەواوەتی پشکنیوە. هەروەها سێ کاسبکارەکەی دیکەش لە شوێنی کارەکانیان لە بازاڕی شاری بۆکان لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراون.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو چوار هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە