ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستی هێرۆ قەدیمی لە بەندیخانەی سنە

دۆخی تەندروستیی هێرۆ قەدیمی، چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەقز لە بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە زۆر ناجێگیر و نالەبارە. ناوبراو نەخۆشیی درێژخای

٦ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٢:٥٦


هەنگاو: پێنجشەممە، ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

دۆخی تەندروستیی هێرۆ قەدیمی، چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەقز لە بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە زۆر ناجێگیر و نالەبارە. ناوبراو نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە و پێشتریش چەندین جار نەشتەرگەریی دژواری بۆ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هێرۆ قەدیمی، ١٥ ڕۆژە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و لە ناوەندی چاکسازی و بارهێنانی شاری سنە ڕاگیراوە، هەنووکەش ئازاری پشتی هەیە و دۆخی تەندروستیی ناوبراو زۆر ناجێگیر و نالەبارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قەدیمی، ئەو چالاکە مەدەنییە پەستانی خوێن و نەخۆشیی درێژخایەنی ژانەسەری هەیە، بۆیە بەردەوام پێویستی بە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی و چارەسەریی خێرایە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، هێرۆ قەدیمی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سنە بۆ بەندی گشتیی ئەو بەندیخانەیە گواستراوەتەوە و کۆمەڵێک نیشانەی جددی لە تێکچوون و ناجێگیربوونی بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو پێوە دیار بووە.

شایانی باسە کە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی مانگێک لەمەوبەر بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتیی ئەم چالاکە مەدەنییە دەرکردبوو.

هێرۆ قەدیمی، چالاکی بوارەکانی منداڵان، ژنان و نەخۆشە تایبەتەکانە و لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە. هەروەها ساڵی ڕابردووش هەر لە سەرەتای دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بەردەوام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگ و هەڕەشەی لێ کراوە.

ئەو هاووڵاتییە نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە و دواتر بۆ شاری سنە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە