بەردەوامیی ناڕوونیی چارەنووسی ئازاد ئەمینی، چالاکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەقز

دوای تێپەڕبوونی دوو حەوتە لە دەستبەسەرکردنی ئازاد ئەمینی، ئەندامی ئەنجوومەنی هیوا زانستی سەقز، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و ئەمەش نیگەرانیی

٧ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٥:٠٨


هەنگاو: هەینی، ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

دوای تێپەڕبوونی دوو حەوتە لە دەستبەسەرکردنی ئازاد ئەمینی، ئەندامی ئەنجوومەنی هیوا زانستی سەقز، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و ئەمەش نیگەرانیی زۆری بنەماڵەکەی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئازاد ئەمینی، چالاکی ژینگەپارێزی و فەرهەنگیی خەڵکی شار سەقز، دوو حەوتە لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شاری سنە گواستراوەتەوە کە تاکوو ئێستا دۆخی یاسایی و بارودۆخی ڕاگیرانی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەمینی، ئازاد ئەمینی لە ماوەی ١٤ ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا یەک جار لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتماوەدا ڕایگەیاندووە کە بۆ شاری سنە گواستراوەتەوە و هیچ وردەکارییەکی زیاتر لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

ئەم سەرچاوەیە بە هەنگاوی ڕایگەیاند: لێکۆڵەری دۆسیەکە بڕیاری داوە کە ئازاد ئەمینی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێت و سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵەکەی بارمتەیان دابین کردووە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕێگرییان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە ئەو چالاکە ژینگەپارێزە جیا لەوەی لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەری کراوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە مافی هەبوونی پارێزەریش بێبەری و بێبەش کراوە.

شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە جگە لە چالاکییە بەرچاوەکانی لە بواری ژینگەپارێزیدا، یەکێک لە چالاکانی بواری ڕاهێنان و فێرکاریی ناسراوی شاری سەقزە و وەک مامۆستای زمانی کوردی لە خولەکانی فێرکاریی زمانی کوردیی ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە.

ئازاد ئەمینی ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانانی ئەمساڵ، پاش دەستبەسەرکردنی لە زێدی لەدایکبوونی خۆی واتە گوندی "هیجانان"، بۆ شاری سەقز و ڕۆژێک دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی شاری سنە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە