دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی کورد لە پیرانشار و سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە

ئەرسەلان دیوارگەر، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دیواندەرە و دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی سەلام مەحموودی و مستەفا ئۆفتادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەس

٧ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٦:٥٧


هەنگاو؛ هەینی ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

ئەرسەلان دیوارگەر، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دیواندەرە و دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی سەلام مەحموودی و مستەفا ئۆفتادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران. ئەرسەلان دیوارگەر پێشتریش لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ۶ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، ئەرسەلان دیوارگەر، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە دەستبەسەرکرا.

ئەرسەلان دیوارگەر، پێشتر ولە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرابوو و دوای ماوەی ۵٢ ڕۆژ، لە ڕیکەوتی ٩ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی ئازاد کرابوو.

هەمان ڕۆژ، مستەفا ئۆفتادە ۴٣ ساڵ خەڵکی گوندی کارخانە قەند سەر بە پیرانشار لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنی نادیار گواسترایەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژێک پێشتر واتە ۵ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر بازاڕچەی سنووری پیرانشار و سەلام مەحموودی، ۵٨ ساڵ و خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەستبەسەرکردنی سەلام مەحموودی لە پێبەندی ئاسنی کەڵکیان وەرگرتووە و ناوبراو بە شێوەیەکی دڕندانە بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە