ئەشکەنجەدانی شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات

شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز و چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارە کە نزیکەی بیست ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کر

٩ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٦:١٠


هەنگاو: یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز و چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارە کە نزیکەی بیست ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە بە مەبەستی داناپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز، چەند ڕۆژ پاش ئەوەی کە لەو شارە دەستبەسەر کراوە، بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە گواستراوەتەوە و بە مەبەستی ناچارکردنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجەی دڕندانە دراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە جگە لەوەی کە ئەشکەنجە دراوە، لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.

شایانی باسە کە ناوبراو جگە لەوەی بەرپرسی لێژنە تۆپی پێی سەقزە، یەکێک لە چالاکە مەدەنییە بەناوبانگەکانی ئەم شارەیە و پێشتریش لە دووکانی فەرشفرۆشیی خۆیدا سەرقاڵی کارکردن بووە.

ئەم چالاکە مەدەنییە نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لە شەقامی "شوهدا"ی شاری سەقز و نزیک شوێنی کارەکەی، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان و بێڕێزیکردن دەستبەسەر کراوە. دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە هێزە ئەمنییەتییەکان لەناو سندووقی ئۆتۆمبێلێک لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە