دەستبەسەرکرانی ٤٦٣ هاووڵاتی لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٣دا لانی کەم ٤٦٣ هاووڵاتی لە سەرانسەری ئێ

١٠ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١١:٤٩


هەنگاو؛ دووشەممە ١٠ی ڕەزبەری٢٧٢٣

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٣دا لانی کەم ٤٦٣ هاووڵاتی لە سەرانسەری ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ مانگی ئاگۆست ١٩٩ حاڵەت واتە بە ڕێژەی ٧٥٪ زیادی کردووە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ٢٠٣ هاووڵاتیی کورد، ١٢٢ هاووڵاتیی بەلووچ و هەروەها ٥١ ژن، ٥٠ منداڵ و ٨ هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لە ماوەی مانگی سێپتەمبەر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

زیاتر لە ٧٠٪ هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو کورد و بەلووچ بوون

بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو؛ لە مانگی سێپتەمبەر لانی کەم ٢٠٣ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون ئەم ئامارە بە ڕێژەی ٤٤٪ هەموو هاووڵاتییانی دەستبەسەر کراوە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە سەرانسەری ئێران.

لە مانگی سێپتەمبەر لانی کەم ١٢٢ هاووڵاتی بەلووچ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ڕێژەی ٢٦٪ هەموو دەستبەسەر کراوان.

هەروەها لە مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٣٢ هاووڵاتی لوڕ و بەختیاری بە ڕێژەی ٧٪ و ٢٠ هاووڵاتی تورک بە ڕێژەی ٤.٣٪ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.


دەستبەسەرکردنی پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان

دەستبەسەرکردنی پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان لە مانگی سێپتەمبەر وەکوو مانگەکانی ڕابردوو لەلایەن ناوەندەکانی حکومەتییەوە بەردەوام بووە و لە مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٧ چالاکی ئایینی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٨ کەس لە چالاکانی ئایینی کە دەستبەسەر کراون لە پەیڕەوانی ئایینی بەهایی بوون کە ٤ کەسیان ژن و ٤ کەسی دیکەیان پیاو بوون. هەروەها لە مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٨ چالاکی سوننە لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی هۆرمزگان، فارس و سیستان و بەلوچستان و هەروەها هاووڵاتییەکی ئەرمەنی دەستبەسەر کراون.


دەستبەسەرکرانی ٥١ ژن و ٥٠ منداڵ لە مانگی سێپتەمبەردا

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٥١ ژن لە سەرانسەری ئێران لەلایەن ناوەندەکانی ئەمنییەتییەوە دەستبەسەر کراون کە ڕێژەی ١١٪ هەموو دەستبەسەرکراوانە.

شایەنی باسە کە، لە مانگی ڕابردوودا بە لایەنی کەمەوە ٢٢ چالاکی ژنی کورد و ٤ چالاکی بەهایی ژن لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لەم ماوەیەدا لانی کەم٥٠ منداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ لە سەرانسەری ئێران لەلایەن ناوەندەکانی ئەمنییەتی و حکومەتییەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٣٧ کەس (٧٤٪) منداڵانی دەستبەسەر کراو لە سەرانسەری ئێران منداڵانی بەلووچ بوون، هەروەها ١٠ منداڵ کورد و دوو منداڵ لە شارەکانی مەشهەد و تاران دەستبەسەرکراون.


دەستبەسەرکرانی مامۆستایان، خوێندکاران و چالاکانی بواری ڕاگەیاندن

لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵدا بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لانی کەم ٤ خوێندکاری زانکۆ لە شارەکانی سەقز، قوروە، تاران و زەنجان و هەروەها ٨ مامۆستای قوتابخانە لە شارەکانی سەقز (٢ حاڵەت)، دیواندەرە، قوروە، کرماشان، نۆشەهر، بوجنوورد، ئەردەبیل و یەزد دەستبەسەر کراون.

شایەنی باسە کە لە مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٤ ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری ڕاگەیاندن و ١٤ هونەرمەند، ئەکتەر و شانۆکار لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن ناوەندەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون.


ناسنامەی سەرجەم ئەم ٤٦٣ دەستبەسەرکراوانە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە. بە مەرجی بەکارهێنانی سەرچاوە بەکارهێنانی ئەم ئامارە ڕێگەپێدراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە