ناڕوونیی چارەنووسی لوقمان پێشیار و حەسەن مەردانی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان

دوای تێپەڕبوونی ماوەی ٥٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی لوقمان پێشیار، تەمەن ٥٨ ساڵ و حەسەن مەردانی، تەمەن ٦٥ سا

١١ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٠:٣٥


هەنگاو: سێشەممە، ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

دوای تێپەڕبوونی ماوەی ٥٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی لوقمان پێشیار، تەمەن ٥٨ ساڵ و حەسەن مەردانی، تەمەن ٦٥ ساڵ، هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە و هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لوقمان پێشیار و حەسەن مەردانی، ماوەی ٥٥ ڕۆژە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و هێشتا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریان بێبەری و بێبەش کراون، هەروەها تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بارودۆخ و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی ئەو دوو دەستبەسەرکراوە کوردە لەم ماوەیەدا ناڕوون و نادیار بووە و ئەمەش بووەتە هۆکاری زیاتربوونی نیگەرانییەکان لەسەر تەندروستییان.

سەرچاوەیەک لەم پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕایگەیاند: لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لوقمان پێشیار و حەسەن مەردانی، تەنیا دوو جار ڕێگەیان پێ دراوە پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتماوە و سنووردار (دوو خولەک) بە بنەماڵەکانیانەوە بگرن و هیچ وردەکارییەکیان لەسەر بارودۆخی خۆیان و شوێنی ڕاگیرانیان باس نەکردووە.

لوقمان پێشیار و حەسەن مەردانی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت لەو شارە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە