ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر ئارمیتا گەڕاوەند تەمەن ١٦ ساڵ: قوربانیی حیجابی زۆرەملێ لە مێترۆی تاران

لە دوو ڕۆژ پێشەوە، ئارمیتا گەڕاوەند، تەمەن ١٦ ساڵ بەهۆی لێدان هۆڤانەی هێزەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی حیجابی زۆرەملێ لە مێترۆی تاران، کەوتووەتە کۆما و لە نەخۆش

١١ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١١:٤٣


هەنگاو: سێشەممە، ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

لە دوو ڕۆژ پێشەوە، ئارمیتا گەڕاوەند، تەمەن ١٦ ساڵ بەهۆی لێدان هۆڤانەی هێزەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی حیجابی زۆرەملێ لە مێترۆی تاران، کەوتووەتە کۆما و لە نەخۆشخانەی "فەجر"ی تاران لە ژێر کۆنترۆڵی توندی ئەمنییەتیدا خەوێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێخکراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەر لە نیوەڕۆی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، هێزەکانی حکوومەت لە مێترۆی "شوهەدا"ی تاران، بە بیانووی ئەو شتەی کە بە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ ناودەبرێت، هێرشیان کردووەتە سەر ئارمیتە گەڕاوەند، تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی حکوومەت بەشێوەیەکی دڕندانە و توندوتیژانە ئەم کچە تەمەن ١٦ ساڵەیان داوەتە بەر لێدان کە لە ئەنجامی بەرکەوتنی زەربەی توند، ناوبراو لەهۆش خۆی چووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕایگەیاند، کە لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنی لە نەخۆشخانەی فەجر جێبەجێکراون و ڕێگە بە هیچ چەشنە سەردانیکردنێک تەنانەت لەلایەن بنەماڵەکەشییەوە بۆ لای ئەم کچە مێرمنداڵە نادرێت. ڕۆژی ڕابردوو ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە بۆ ئەنجامدانی ڕاپۆرتێک سەردانی ئەم نەخۆشخانەی کردبوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو. مریەم لوتفی، ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراوی ڕۆژنامەی شەرق، دوای کاتژمێرێک لە میدیایی کرانەوەی هەواڵی دەستبەسەرکرانەکەی ئازادکرا.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی لێدان و بارودۆخی ناجێگیری ئارمیتا گەڕاوەند، میدیا و ڕاگەیاندنەکانی سەر بە حکوومەت بەشێوەیەکی سیستماتیک و هاوکات لێدران و کوترانی ئەم کچە مێرمنداڵە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بەدرۆ دەخەنەوە و بەرپرسانی حکوومەتی بانگەشەی ئەوەدەکەن کە هیچ چەشنە بەرکەوتنێکی فیزیکی ڕووینەداوە. ئەم بانگەشانە بەپشتبەستن بە ڤیدیۆیییەکی کورتی دەستکاری کراو لە گۆشەی دەروەی شەمەندەفەرەوە بڵاودەکەنەوە.

هەروەها، میدیاکانی حکوومەت، هۆکاری لەهۆشخۆچوونی ئارمیتا گەڕاوەندیان بە نزمی پەستانی خوێن ڕاگەیاندووە، کە بەلەبەرچاوگرتنی نهێنیکاری، جێگیرکرانی هێزێکی زۆری ئەمنییەتی لە نەخۆشخانە و ڕێگری لە ئیزنی چاوپێکەوتن، نیگەرانی ڕای گشتی بۆ دووبارەبوونەی سیناریۆی مردنی ژینا ئەمینی دروستکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هیچ هەواڵێک لە بنەماڵەی ئەم کچە مێرمنداڵە، بەتایبەتی باوکی و دایکی بەناوەکانی بەهمەن گەڕاوەند و شەهێن ئەحمەدی و بڵاونەبووەتەوە و کە ئەمەش دەرخەری کۆنترۆڵی توندی ئەمنییەتی و گوشار بۆ سەر ئەم بنەماڵەیەیە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە زانیارییەکە.

 


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە