ئەشکەنجەدانی سەمیرا ئەحمەدی بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە

سەمیرا ئەحمەدی، چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز کە ٢٢ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و هەنووکە لە دەستبەسەرگەی ئەو

١١ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٤:٣٨


هەنگاو: سێشەممە، ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٣


سەمیرا ئەحمەدی، چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز کە ٢٢ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و هەنووکە لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەدا ڕاگیراوە، بە مەبەستی ناچارکردنی بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە ئەشکەنجە کراوە و ناجار کراوە دژ بە خۆی قسە بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەمیرا ئەحمەدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، دوای چەند ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی لەو شارە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە گواستراوەتەوە و لەم دوایییانەشدا لەژێر ئەشکەنجەی هۆڤانەی هێزەکانی ئیتلاعاتەوە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژ بە خۆی کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر دەستبەسەرکردنی سەمیرە ئەحمەدی، بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی خۆی ڕایگەیاند: هێزەکانی وەزارەتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی لە شەقامی شارەوانیی شاری سەقز بە چوار ئۆتۆمبێل هەڵیانکوتاوەتە سەر سەمیرا ئەحمەدی و دەستبەسەریان کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) لە شاری سەقز دەستبەسەر کراوە و دوای چەند ڕۆژ بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە