چڕکردنەوەی دۆخی ئەمنییەتیی زانکۆی کوردستان دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەو زانکۆیە

لە سەرەتای دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" تا هەنووکەش گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی "کوردستان"ی سنە ب

١١ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ٢١:٤١


هەنگاو: سێشەممە، ١١ی ڕەزبەری ٢٠٢٣

لە سەرەتای دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" تا هەنووکەش گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی "کوردستان"ی سنە بەردەوام بووە. ئەم ڕەوتە لە چەند مانگی ڕابردوودا و دوای دەستبەکاربوونی حامد قادرزادە، وەک سەرۆکی نوێی ئەو زانکۆیە کە نزیکە لە ناوەندە ئەمنییەکان و پێشتر ئەندامی لیژنەی زانستیی کۆلێژی کشتوکاڵ بووە، چڕوپڕتر بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٣، چاودێریکردنی خوێندکاران و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە زانکۆی "کوردستان"ی سنە چڕوپڕتر بووەتەوە.

کۆمیتەی دیسپلینی زانکۆ لەلایەن "بەرپرسی دامەزراوەی ڕێبەری" لەو زانکۆیە سەرپەرەستی دەکرێت و ناوەندی پاراستنی زانکۆ (حراست) خوێندکارانی بانگ و لە بڕیاری هەڵپساردن و سەرزەنشتکردنی خوێندکاران دەستپێشخەری کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەسەر داواکاریی ناوەندە ئەمنییەکان، کۆمەڵێکی زۆر کامێرای چاودێری لە چەندین شوێنی زانکۆی "کوردستان" دانراون و لە ڕێگەی ئەم کامێرانەوە سەرجەم هاتووچۆ و کاروباری خوێندکاران کۆنترۆڵ دەکەن.

بەگوێرەی ئەم زانیارییانە جگە لە شوێنە پەروەردەیی و کارگێڕییەکانی زانکۆ، لە خەوتنگە و حەوانگەی خوێندکاری ئەو زانکۆیەش گوشارێکی لەڕادەبەدەر لەسەر خوێندکارە کچەکان هەیە. تەنانەت بەرپرسانی خەوتنگە و حەوانگەی زانکۆ دەستێوەردان لە تایبەتترین کاروبارە تاکەکەسییەکانی کچە خوێندکارەکاندا دەکەن و داوایان لێیان کردوون کە دەبێت "لە حەوانگەکەشیاندا گۆرەوی لە پێ بکەن".
بۆیە لەسەر داواکاریی ناوەندە ئەمنییەکان، ئەگەری هەیە مافی مانەوە لە خەوتنگە و حەوانگەی ئەو زانکۆیە بۆ کۆمەڵێکی زۆر لە خوێندکاران ڕەچاو نەکرێت و داواکارییە پەیوەندیدارەکانیان بە هۆکاری ئەوەی پێی دەوترێت "ڕەچاوکردنی بواری ئەمنییەتی"، ڕەت بکرێنەوە.

هەنگاو لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتێکدا وێرای ئاماژەدان بە بانگکردنی خوێندکارانی زانکۆی "کوردستان" و ناچارکردنیان بە پڕکردنەوەی بەڵێننامەی نووسراوە و بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، ڕایگەیاند: "هێزەکانی ناوەندی پاراستنی ئەو زانکۆیە خوێندکارانیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئەگەر بەردەوام بن لە پابەندنەبوونیان بە حیجابی زۆرەملێ، لە خزمەتگوزارییەکانی ئەم زانکۆیە بێبەری و بێبەش دەکرێن".

ساڵی ڕابردووش لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا کۆمەڵێکی زۆر لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکان و بەتایبەت ناوەندی پاراستنی ئەو زانکۆیەوە بانگ کراون و بەتوندی هەڕەشەیان لێ کراوە، هەروەها کۆمەڵێکیشیان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.

زانکۆی "کوردستان"ی سنە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا هەنووکەش بەردەوم لەژێر کۆنترۆڵی چڕوپڕی ناوەندە ئەمنییەتی و حکوومەتییەکاندا بووە. بەڵام لە دوای دەستبەکاربوونی حامد قادرزادە، سەرۆکی نوێی ئەمنییەتیی ئەم زانکۆیە، دۆخی زانکۆکە بەتەواوەتی ئەمنییەتیتر بووەتەوە و هەموو ژوور و کۆلێژە جیاوازەکانی زانکۆش بۆ ناوەندە ئەمنییەکان تەرخان و دیاری کراون. قادرزادە پێشتر لە هیندستان و لە زانکۆیەکی حکوومەتی خوێندوویەتی و بەرپرسی ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ چاودێری و دەستنیشانکردن خوێندکارانی چالاکی ئێرانی لە زانکۆکانی هیندستان بووە.

پێشتر هەنگاو لەسەر دەستبەکاربوونی حامد قادرزادە وەک سەرۆکی نویی ئەو زانکۆیە لە هەواڵێکی تایبەتدا ڕایگەیاند: ڕەحمەتوڵڵا سادقی، سەرۆکی پێشووی زانکۆی "کوردستان" لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بەهۆی پاڵپشتی لە خوێندکاران و مامۆستایانی ناڕازی و دەستبەسەرکراو، لە بەرپرسیارەتییەکەی لابرا و دوای لابردنی سادقی، لەسەر ڕاسپاردەی ناوەندە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکان قادرزادە وەکوو سەرۆکی ئەو زانکۆیە دیاری کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە