بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی سەفا عائلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی

سەفا عائلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری سەقز دەستبەسەر کراوە و بۆ شاری سنە گواستراوەتەوە و تا

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ٢٣:١٤


هەنگاو: چوارشەممە، ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

سەفا عائلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری سەقز دەستبەسەر کراوە و بۆ شاری سنە گواستراوەتەوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەفا عائلی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خاڵۆی بچووکی ژینا ئەمینی، ٢٩ ڕۆژ لەمەوبەر لە شاری سەقز دەستبەسەر کراوە و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی شاری سنە کە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ جۆرە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، جگە لە ڕێگریکردن لە چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەی، ئەو هاووڵاتییە لەلایەن ناوەند ئەمنییەکانەوە لە مافی هەبوونی پارێزەریش بێبەری و بێبەش کراوە.

سەفا عائلی نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری سەقز دەستبەسەر کراوە.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان لەسەر دەستبەسەرکردنی خاڵۆ ژینا ئەمینی، ڕایگەیاندووە؛ کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە حکوومەتییەکان بە پێنج ئۆتۆمبێل هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە لە گەڕەکی "چەم وەلی خان"ی سەقز و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی دەستبەسەریان کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە