کەیوان ڕەحیمی، چالاکی کۆمەڵایەتی لە سەقز دەستبەسەرکرا

کەیوان ڕەحیمی، چالاکی کۆمەڵایەتی و لە چالاکانی میدیایی خەڵکی شاری سەقز دوای داواکاری لەسەر ئازادکردنی هێرۆ قەدیمی، شێرکۆ حیجازی و ئازاد ئەمینی، سێ چالاکی مەد

١٣ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٧:٣٣

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

کەیوان ڕەحیمی، چالاکی کۆمەڵایەتی و لە چالاکانی میدیایی خەڵکی شاری سەقز دوای داواکاری لەسەر ئازادکردنی هێرۆ قەدیمی، شێرکۆ حیجازی و ئازاد ئەمینی، سێ چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراو، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەعات ١١ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کەیوان ڕەحیمی و دەستبەسەریان کردووە.

دەستبەسەرکردنی کەیوان ڕەحیمی دوای ئەوە ڕوویداوە کە ناوبراو بە پێداگریکردن لەسەر چالاکییەکانی هێرۆ قەدیمی، شێرکۆ حیجازی و ئازاد ئەمینی، داوای کۆتایی هێنان بە دەستبەسەرکردنی کاتیی ئەو هاووڵاتییانە و ئازادبوونیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کردووە.

ئەو چالاکە کۆمەڵایەتییە لە کاناڵی تێلێگڕامی "پرسمان سقز" کە خۆی یەک لە بەڕێوبەرەکانییەتی، چالاکییەکانی هێرۆ قەدیمی، شێرکۆ حیجازی و ئازاد ئەمینیی وەکوو چالاکییەکی مەدەنی ناوبردووە و دەستبەسەرکردنیانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ناپێویست و بە بێ بوونی هیچ هۆکارێکی دادوەری نابردووە.

ئازاد ئەمینی ڕۆژی ٢٤ی خەرمانان، هێرۆ قەدیمی ٢١ی خەرمانان و شێرکۆ حیجازی ٢٠ی خەرمانان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری سەقز دەستبەسەرکران. ئەو چالاکە مەدەنییانە بۆ بەندیخانەی سنە گواسترانەوە و ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

هێرۆ قەدیمی بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنی پەستانی خوێن، زیان دیتنی بڕبڕەی پشت و هەروەها پێشگیری لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی، لە بارودۆخێکی دژوار لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە