کوژرانی هۆڤانەی شەهین ئیبراهیمزادە، ژنێکی لاوی خەڵکی سەردەشت لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە

ژنێکی لاوی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی شەهین ئیبراهیمزادە (شێخانی) بە پاساوی ئەوەی پێی دەوترێت "نامووس و شەرەف"، لەلایەن باوک و مامۆیەوە بە شێ

١٣ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ٢٢:٤٤

 

هەنگاو: پێنجشەممە، ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

ژنێکی لاوی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی شەهین ئیبراهیمزادە (شێخانی) بە پاساوی ئەوەی پێی دەوترێت "نامووس و شەرەف"، لەلایەن باوک و مامۆیەوە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە کوژراوە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (۵ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، ژنێکی لاو بە ناوی شەهین ئیبراهیمزادە، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی گوندی "گەوەلان"ی سەر بە شاری سەردەشت، لەلایەن باوکی بە ناوی غەفوور و مامی بە ناوی هەژار، بردراوەتە دەرەوەی گوندەکەیان و دواتر بە شێوەیەکی هۆڤانە کوشتوویانە.
 

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو ژنە لاوە سەرەتا لەلایەن ئەو دوو کەسەی بنەماڵەکەیەوە خنکێندراوە و دواتریش چەند جارێک بە چەقۆ لێیان داوە.
 

ئەم ژنە قوربانییە چەند ساڵێک لەمەوبەر سەرەڕای دژایەتیی باوکی لەگەڵ پیاوێکی دڵخوازی خۆی ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە، بەڵام دوای دوو ساڵ ژیانی هاوبەش لە مێردەکەی جیا بووەتەوە و گەڕاوەتەوە ماڵی دایکی و باوکی.
 

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، شەهین ئیبراهیمزادە جارێکی دیکە داواکاری هەبووە و هاتوونەتە خوازبێنی، بەڵام بە گومانی ئەوەی کە لەگەڵ داواکارەکەی پەیوەندییان هەبووە، لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە کوژراوە.
 

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، تەرمی ئەو هاووڵاتییە بۆ پزیشکیی دادوەریی شاری ئورمیە گواستراوەتەوە تاکوو توێکاری پزیشکی بۆ بکرێت.
 

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا وێڕای کوژرانی ئەو ژنە لاوە، دوو کچی مێرمنداڵی دیکە بە ناوەکانی هایدە حەسەنزادە، تەمەن ١٦ ساڵ و فاتمە محەممەدپەناهی، تەمەن ١٧ ساڵ لە شاری سەردەشت، بە پاساوی ئەوەی پێی دەوترێت "نامووس و شەرەف" کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە