ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە دۆخی ئارمیتا گەڕاوەند

بەردەوامیی ناڕوونیی دۆخی تەندروستیی ئارمیتا گەڕاوەند و شاردنەوەی ڕاستییەکانی چۆنیەتیی ڕووداوەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. ئارمیتا هێشتا لەژێر گوشار و گە

١٥ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٢:١٠

 

هەنگاو: شەممە، ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣
 

بەردەوامیی ناڕوونیی دۆخی تەندروستیی ئارمیتا گەڕاوەند و شاردنەوەی ڕاستییەکانی چۆنیەتیی ڕووداوەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. ئارمیتا هێشتا لەژێر گوشار و گەمارۆی چڕوپڕی ئەمنیەتیی هێزە حکوومەتییەکان لە نەخۆشخانەی فەجر لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و هیچ جۆرە زانیارییەکی نوێ لەسەر دۆخی تەندروستیی ئەو مێرمنداڵە کوردە لە بەردەستدا نییە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ ڕۆژی هەینی، ١٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣٥)، بەهمەن گەڕاوەند، باوکی ئارمیتا گەڕاوەند، دوای ئەو دیمانە زۆرەملێیە تەلەڤزیۆنییەی لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی حکوومەت، ڕێگەی پێ دارەوە بۆ ماوەیەکی زۆر کورت (لە ئاستی چاولێکردنێکدا) ئارمیتا ببینێت.

 

هەر لەم پەیوەندییەدا هەنگاو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دیمانەی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ هاوپۆلییەکانی ئارمیتا کە ڕۆژی هەینی لە ڕایگەیاندنەکانی سەر بە حکوومەت بڵاو کراوەتەوە، بە شێوەی زۆرەملێ بووە و کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان و پاراستنی (حراست) ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە شوێنی دیمانەکەدا بوون. هەروەها بەپێچەوانەی ئەو قسانەی کە لە دیمانە زرەملێیەکاندا کراوە، هەتا ئێستا جگە لە باوکی ئارمیتا کە ماوەیەکی زۆر کورت کچەکەی بینیوە، هیچ کەسێکی دیکە نەیتوانیوە ئەم کچە تەمەن ١٦ ساڵە کوردە ببینێت. وابێژیی بینینی ئارمیتا لەلایەن هاوپۆلییەکانییەوە لەژێر گوشار و داواکاریی زۆرەملێی هێزە ئەمنییەکاندا وتراوە و دوورە لە ڕاستی.

پێشتریش واتە شەوی پێنجشەممە، ١٣ی ڕەزبەر، شەهین ئەحمەدی، دایکی ئارمیتا دوای ٢٤ کاتژمێر بە وەرگرتنی بەڵێن (بە ناوەڕۆکێکی ناڕوونەوە) لە بەرانبەر خۆبواردن لە بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە زانیارییەک لەسەر کچەکەی، بۆ نەخۆشخانەی فەجری تاران گەڕێندراوەتەوە.

شایانی باسە، سەرەڕای ئەوەی کە ئارمیتا بۆ ژوورێکی نادیار لەو نەخۆشخانە گواستراوەتەوە، بەهۆی گومانی ئەگەری بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر ئارمیتا، هەموو کادیری دەرمانی و هێزە ئەمنییەکانیان لە نەخۆشخانەی فەجر گۆڕیوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی پاراستنی پەروەردە و بارهێنانی حکوومەت لەگەڵ هێزێکی ناوەندە ئەمنییەکان چوونەتە هونەرەستانی "عروەتە لوەسەقی"، واتە شوێنی خوێندنی ئارمیتا گەڕاوەند و هەڕەشەیان لە قوتابییان و هاوڕێ و هاوپۆلییەکانی ئارمیتا کردووە کە بۆیان نییە بە هیچ شێوەیەک زانیاری و وێنەی ئارمیتا بڵاو بکەنەوە. هێزە ئەمنییەکان بەم قوتابییانەیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی زانیاری و وێنەی ئارمیتا، بۆیان گران تەواو دەبێت و بەتوندی ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت.
 

لە ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەری ئەمساڵ و هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی ئارمیتا بۆ نەخۆشخانەی فەجری تاران، ئەم نەخۆشخانەیە و بەتایبەت بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەکە لەژێر چاودێریی چڕوپڕی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیدایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە