سزای یەک ساڵ بەندکران بەسەر فیرووز عەبدوڵڵاهی، نووسەری کوردی خاوەن پێداویستی تایبەت سەپێندرا

فیرووز عەبدوڵڵاهی، نووسەری خاوەن پێداویستی تایبەت و خەڵکی شاری سەقز کە لە ماوەی ڕابردوودا پێنج حەفتە دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای داد

١٥ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٦:٤٥

 

هەنگاو؛ شەممە ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣


فیرووز عەبدوڵڵاهی، نووسەری خاوەن پێداویستی تایبەت و خەڵکی شاری سەقز کە لە ماوەی ڕابردوودا پێنج حەفتە دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای یەک ساڵ بەندکران و بێ بەشبوون لە مافە کۆمەڵایەتییەکانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕابردوودا فیرووز عەبدوڵڵاهی، ٥٤ ساڵ ، نووسەری کتێبی منداڵان و خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتگەلێکی وەکوو "ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران" و "چالاکی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەو سزا لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن دادوەر مەسعوود حاجیزادە دەرکرا و بە فەرمی پێیانڕاگەیاندووە. ئەو نووسەرە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی سزاکەی دەتوانێت داوای پێداچوونەوە بکات.

هەروەها ئەو نووسەرە خاوەن پێداویستی تایبەتە سزای زەوتکردنی سیمکارت و مۆبایلەکەی و قەدەغەکردنی کارەکەی(دەستفرۆشی) لە شوێنی ئێستای واتە مەیدانی هەڵۆی شاری سەقز بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی فیرووز عەبدوڵڵاهی لە شاری سەقز و دەستبەسەریان کردووە، ئەو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە. ناوبراو لە ئاکامدا ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی، بەشێوەی کاتی و هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنی ئازادکرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە