ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنیەوە

مافەکانی مرۆڤ ئەو مافانەن کە هەموو مرۆڤەکان بێ جیاوازیی ڕەچەڵەک، نەتەوە، زمان، ڕەگەز و ئایین لێی بەهرەمەندن. بە واتایەکی دیکە مرۆڤ بە هۆی بەهرەمەندی لە ک

١٧ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٤:٠٦



مافەکانی مرۆڤ ئەو مافانەن کە هەموو مرۆڤەکان بێ جیاوازیی ڕەچەڵەک، نەتەوە، زمان، ڕەگەز و ئایین لێی بەهرەمەندن. بە واتایەکی دیکە مرۆڤ بە هۆی بەهرەمەندی لە کەرامەتی سروشتی و مرۆڤ بوون، بە شێوەی سروشتی ئەو مافانەی هەیە. هەر لەم ڕاستایەدا بوو کە مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ و بڕیارەکانی مافە نێودەوڵەتییەکانی چاودێر بە سەر لەبەرچاوگرتنی ئەم مافانە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە هاتە ئاراوە. جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە سەرەوەی ئەو بڕیارانەیە کە دەوڵەتەکان وەک ئەکتەری سەرەکیی مافە نێودەوڵەتییەکان ئەرکدار ئەکات بە لەبەرچاوگرتنی پێوەرگەلی جیهانی بۆ پاراستنی کەرامەتی سروشتیی مرۆڤەکان. سەرەڕای ئەم بڕیارە نێودەوڵەتییانە، ڕۆژانە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان لە لایەن دەوڵەتەکانەوە دەبینین. لەم نێوەدا دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە یەکێک لە پێشێلکەرە سەرەکییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگای جیهانییە.


پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، منداڵان، کرێکاران و توێژەکانی دیکە، لەسێدارەدانی سەرەڕۆیانە، پێشێلکردنی ئازادیی بەیان و بیر و باوەڕی کەمینە ئایینییەکان، نکۆڵی کردن لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەشداری سیاسیی کەمینە نەتەوەییەکان و.. بەردەوام سیاسەتی ئاشکرای فەرمی ئەو دەوڵەتە بووە. لەم نێوەدا بنکە و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە بواری مافەکانی مرۆڤ هاوکات لەگەڵ هاندان و پەرەپێدانی بایەخەکانی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە لەقاودان و گەیاندنی زانیاری سەبارەت بە دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا.


ئێمە وەکوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەوڵمان داوە کە بە پێی پرەنسیپەکانی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و بە لەبەرچاوگرتنی ئەخلاق و پرەنسیپی پیشەیی، بەردەوام چاودێری سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا بین. ئێمە بە تەواوی جەخت لە سەر ئەوە دەکەینەوە کە گشتێتیی سیستەمی کۆماری ئیسلامی پێشێلکەری مافەکانی هەموو هاووڵاتییانی ئێرانە. باوەڕیشمان وایە کە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی و فەتوای جیهادی خومەینی دژ بە گەلی کورد و شەڕ لە کوردستاندا بەردەوام بە شێوەی سیستەماتیک ڕووی داوە. ئێمە چالاکییەکانی خۆمان بۆ داکۆکی لەمافەکانی مرۆڤ لە کوردستان دەستپێکرد. ڕووداوە تاڵەکانی ساڵی ڕابردوو و سەرکوتی خوێنیی خەڵکی هەموو ئێراندا دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بووە هۆی ئەوەی کە چالاکییەکانمان بۆ هەموو ئێران گشتگیر بکەینەوە.



لەم ڕاستایەدا هەنگاو لە حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا وێڕای ئیدانەکردنی توندی کارنامەی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی، هەوڵ دەدات کە لە داهاتوودا وێڕای پەرەپێدان بە چالاکییەکانی لە پەیوەندی لەگەڵ یارمەتیدان بە هاندان و پەرەپێدانی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە کوردستان، بە بەشداری لە کۆڕ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لە هەر شێوازێکی بەردەست کەڵک وەربگرێ بۆ گەیاندنی زانیاری سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا و لەم پێناوەدا هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتەگەڕ.


لەکۆتاییدا بەپێویستی دەزانین کە جارێکی دیکە جەخت بکەینەوە کە هەنگاو وەکوو کەسایەتییەکی حقووقی لە وڵاتی نۆروێژ تۆمارکراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ ڕێکخراو و ڕەوتێکی سیاسی نییە و سەرجەم هاوکارەکانی هەنگاو خۆبەخشانە لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە هاوکاری دکەن.



ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ / ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە