دەستبەسەرکردنی ٧ هاووڵاتیی ناڕەزایی خەڵکی تیکاب لەسەر دەرئەنجامەکانی کانگایەکی نزیک گوندەکەیان

حەوت هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوەکانی عەلی بەرادەران، عەلی سەروی، عارف زەمانی، ئەمین قارەمانی، مەعرووف سالمی، زاهید مەجنوونی و مەهدی مەجنوونی ک

١٧ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٦:٤٨

 

هەنگاو: دووشەممە، ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

حەوت هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوەکانی عەلی بەرادەران، عەلی سەروی، عارف زەمانی، ئەمین قارەمانی، مەعرووف سالمی، زاهید مەجنوونی و مەهدی مەجنوونی کە ناڕەزایەتییان لەسەر بەردەوامیی چالاکی و کارکردنی نایاساییی کانگایەکی نزیک لەو شارە دەربڕیوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئەو حەوت هاووڵاتییە کە خەڵکی گوندی "ئەحمەدئاوا"ی سەر بە شاری تیکاب بوون، دوای ناڕەزایەتیدەربڕین لەسەت بەردەوامیی چالاکییە نایاسیاییەکانی کانگایەکی نزیک لەو گوندە و لێکەوتە ژینگەیییەکانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.

 

بە وتەی هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو گوندە، بەهۆی ئەو کانگا نوێیەوە لە ماوەی ڕابردوودا لە نزیک گوندەکەیان کەوتووەتە کار، ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندە و چەند گوندێکی دەوروبەری "ئەحمەدئاوا" بڕاوە و بەهۆی ئەگەری بەردەوامیی چالاکی و کارکردنی نایاساییی ئەو کانگایە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرچاوەی ئاوی گوندەکانی ئەو ناوچەیە بەتەواوەتی وشک دەبێت.

 

هەروەها بەگوێرەی ئەوەی کە خەڵکی ناڕازیی ئەو گوندە ڕایانگەیاندووە؛ ئەو کانگایە لە شوێنێکی کەونار و مێژوویی کە بەشێکە لە ئاسەواری دێرینی ناوچەکە دامەزراوە و مۆڵەتنامەی دامەزراندن و چالاککردنەوەی ئەو کانگایە لە ڕەوتێکی گەندەڵیی ئیداریدا بڕیاری لەسەر دراوە و ڕێگە بەو کانگایە لە وەها شوێنێک دراوە.

 

بەپێی زانیارییەکای هەنگاو، ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە دوای ئەوەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بۆ بەندیخانەی میاندواو گواستراونەتەوە و هەروەها بارودۆخی یەکێک لەو دەستبەسەرکراوانە بەهۆی ئەوەی کە نەخۆشیی دڵی هەبووە، نالەبار و ناجێگیرە.

 

شایانی باسە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دامەزراندن و بەرهەمهێنانی جۆرەکانی بەردی بیناسازی و دیکۆراتی، ماسە، چەو و خاک لەو وەها کانگەگەلێکی نایاسایی و بەبێ بایەخدان بە سروشتی ئێکۆسیستەمی ناوچەکانی شاری تیکاب، بووەتە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆری هاووڵاتییان و تەنانەت جاروباریش ناڕەزایەتیی بڕێک لە دامودەزگاکانی خودی حکوومەتیشی لێ کەوتووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە