ئەشکەنجەدانی تاریق ڕەحیمپوور لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری سنە بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی تاریق ڕەحیمپوور کە لەو شارە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئ

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٠:٣٤

 

هەنگاو: سێشەممە، ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی تاریق ڕەحیمپوور کە لەو شارە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتەوە ئەشکەنجە کراوە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هاووڵاتییەک بە ناوی تاریق ڕەحیمپوور، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ"ی سەر بە ناوچەی ژاورەۆری سنە و دانیشتووی ئەو شارە، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەیە لێ کەوتووەتەوە.

 

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیکی بنەماڵەی ڕەحیمپوور، سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی ٢٠ ڕۆژی دەستبەسەربوونی کاتیی ئەو هاووڵاتییە، تاکوو ئێستا هیچ هەوڵێکی جددی بۆ ئازادکردنی ناوبراو نەگیراوەتە بەر.
 

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند: سەردانی دایکی تەمەن ٨٢ ساڵ و دوو منداڵ و هاوژین و برای تاریق ڕەحیمپوور بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە مەبەستی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ تاریق، هیچ ئاکامێکی نەبووە و ئەو ناوەندە حکوومەتییە ڕێگەیان پێ نەداون. جگە لەوەش لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی دەستبەسەربوونی ئەو هاووڵاتییە، تەنانەت لە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەشی بێبەری و بێبەش کراوە.
 

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، لە ماوەی ڕابردوودا دادوەری دۆسیەکەی تاریق ڕەحیمپوور لە دادگای سنە، بەڵگەنووسراوەی دوو پارێزەری ناسێندراوی ئەو هاووڵاتییەی بەهۆی "نەبوونی متمانە" دڕاندووە و داواکارییەکەیانی ڕەت کردووەتەوە.
 

بەرلەنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر دووکانی تاریق ڕەحیمپوور لە شاری سنە و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەریان کرد.
 

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە