سەپێندرانی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەر ئیدریس مینبەری، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری نۆژین

ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، سزای یەک ساڵ بەندکردن، دوورخرانە و لێدانی قا

٢٠ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٠:٢١

 

هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، سزای یەک ساڵ بەندکردن، دوورخرانە و لێدانی قامچی لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ئیدریس مینبەری، خەڵکی سنە لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەم شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر بەهمەن ئومێدزادە، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" سزای یەک ساڵ بەندکردن بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی بەندکرانی، دوور خرانەوەی بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان و هەروەها لێدانی ٤٠ قامچی بەسەردا سەپێندرا.

هەنگاو پێشتر لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردبووەوە کە ئیدریس مینبەری لەماوەی ڕۆژانی دەستبەسەرکرانیدا، ڕەدی کردووەتەوە بە زمانی فارسی قسە بکات و لەکاتی لێپرسینەوەدا بە هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕاگەیاندووە کە تەنیا بە زمانی کوردی وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە.

ئیدریس مینبەری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و لە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، دوای ٤٣ ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بەشێوەیەکی کاتی هەتا تەواوبوونی ماوەی دەستبەسەرکرانی ئازادکرابوو.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی نۆژین دەستبەسەرکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە