سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ڕەزا ڕەسایی، لاوێکی ناڕازیی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان

هاووڵاتییەکی پەیڕەوی ئایینی یارسان بە ناوی ڕەزا ڕەسایی و خەڵکی شاری سەحنەی سەر پارێزگای کرماشان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسە

٢٠ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٣:٠٦

 

هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی پەیڕەوی ئایینی یارسان بە ناوی ڕەزا ڕەسایی و خەڵکی شاری سەحنەی سەر پارێزگای کرماشان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی هێزە حکوومەتییەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا ڕەزا ڕەسایی، لاوێکی ناڕازیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری سەحنە لەلایەن لقی ٢ی دادگای تاوانەکان لە پارێزگای کرماشان، بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سەحنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندووە.
 

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەو سزایە بەهۆی گوشارەکانی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران و سەرەڕای نەبوونی شایەت و بەڵگە و بەڵگەنامەی پێویست بۆ سەلماندنی ئەو تاوانە، بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپاوە.

ڕەزا ڕەسایی لە ماوەی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوەکانیدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە و بە مەبەستی ئامادەکردنی دۆسیەیەکی دادوەری، دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە.
 

نادر بەیرامی، بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سەحنە، ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازیی شاری سەحنە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سەید خەلیل عەلینژاد، کوژرا.
 

هاوکات و پاش ماوەیەکی کەم لە کوژرانی ئەم بەرپرسە ئەمنییەتییە، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە وەڵامی داخوازیی بنەماڵەی ڕەسایی بۆ سەردان و چاوپێکەوتنی کوڕەکەیان، پێیانی ڕاگەیاند کە ڕەزا ڕەسایی سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
 

ڕەزا ڕەسایی، ڕۆژی هەینی، ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ لە شاری کەرەج لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان گواسترایەوە.
 

شایانی باسە کە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەی و هەروەها هەبوونی پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە