بێ هیوایی دکتۆرەکان لە چاکبوونەوەی ئارمیتا گەڕاوەند

تیمی پزیشکی نەخۆشخانەی فەجری تاران، بە بنەماڵەی ئارمیتا گەڕاوەندیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەری چاکبوونەوەی کچەکەیان لە سفرەوە نزیکە و بارودۆخی ناوبراو

٢٠ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٧:٤٠

 

هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

تیمی پزیشکی نەخۆشخانەی فەجری تاران، بە بنەماڵەی ئارمیتا گەڕاوەندیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەری چاکبوونەوەی کچەکەیان لە سفرەوە نزیکە و بارودۆخی ناوبراو لە یازدە ڕۆژی ڕابردووەوە کە لە کۆمادا بووە، هەتا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، تیمی پزیشکی نەخۆشخانەی فەجر، بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی هیچ ڕێگایەکی پزیشکی بۆ چارەسەری ئارمیتا گەڕاوەند بوونی نییە، لەبەرانبەر چاکبوونەوەی ئەم قوربانییە تەمەن ١٦ ساڵەی حیجابی زۆرەملێ بێ هیوابوون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئارمیتا گەڕاوەند، ئەم کچە مێرمنداڵە لە یەکەم ڕۆژی خەواندنییەوە لە نەخۆشخانەدا، بەهۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستی، هیچ چەشنە نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجامنەدراوە و لە نەخۆشخانەدا تەنیا توانیویانە ئاستی هۆشیاریی بە زیندووی بهێڵن.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، هەتا ئێستا شەش پزیشک پشکنینیان بۆ ئارمیتا ئەنجامداوە و هەموویان ڕایانگەیاندووە کە "ژیان و مردنی ئارمیتا لەدەست خوادایە، تەنیا دەتوانین دۆعا بکەین."

بنەماڵەی ئارمیتا، لە ئێستادا جگە لە گوشاری ڕەوانی بەهۆی بارودۆخی ناجێگیری کچەکەیانەوە، لە ژێر گوشار و کۆنترۆڵی ناوەندە ئەمنییەکاندان.

لە یازدە ڕۆژ پێشەوە ئارمیتا گەڕاوەند لە کۆمادا بووە و هەر لە ئەم ڕۆژەوە، دوای زیندووکردنەوەی دڵ و سییەکانی پەیوەست کراوە بە دەزگای ونتیلاتور. هەروەها نیشانەکانی ژیانی ناوبراو بەشێوەیەکی بەردەوام کۆنترۆڵ دەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە بارودۆخی ناجێگیرتر بووە. نیگەرانییەکان لەبەرانبەر ئەگەری چاکبوونەوەی ئارمیتا زیادیانکردووە.

بەرلەنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، ئارمیتا گەڕاوەند، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە مێترۆی "شەهۆدا"ی تاران بەهۆی سەرپێچیکردن لە یاسای حیجابی زۆرەملێ، لەلایەن چەند پۆلیسێکی پاراستنی حیجابەوە هێرش کرایە سەری و بەتوندی لێیدرا. دواتر ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی فەجری ئەم شارە گواستراوە کە هەتا ئێستا لەم نەخۆشخانەیەدا لەژێر چاودێری توندی ئەمنییدا خەوێندراوە و لە کۆمادایە.

لە ڕووی یاساکانی مافی مرۆڤییەوە، ئەم جینایەتە دەرخەری پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیی، مافی هەڵبژاردن و بیروڕا تاکەکەسییەکانە. ئارمیتا گەڕاوەن بەهۆی سەرپێچیکردن لە یاسای حیجابی زۆرەملێ، کەوتووەتە بەر جینایەت و برینداربوون و مافە بنەڕەتییەکانی ناوبراو پێشێلکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە