بەندیخانەی ئورمیە؛ ئەرسەلان خودکام چاوی چەپی بەهۆی لێدانی "دەرزی هەڵە"ئەگەری لە دەست دانی بینایی هەیە

ئەرسەلان خودکام بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە کە تووشی نەخۆشی چاو (ئاو مرواری) بووە، دوای ڕازی نەبوونی کاربەدەستانی بەندیخانە بۆ ناردنی ناوبراو

٢١ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ٢٢:٥٧

 

هەنگاو؛ هەینی ٢١ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

ئەرسەلان خودکام بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە کە تووشی نەخۆشی چاو (ئاو مرواری) بووە، دوای ڕازی نەبوونی کاربەدەستانی بەندیخانە بۆ ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە، بۆ دەرمانخانەی بەندیخانە گواسترایەوە و بەهۆی لێدانی دەرزیی هەڵە چاوی چەپی مەترسیی لەدەستدانی بینایی لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەفتەی یەکەمی مانگی ڕەزبەری ئەم ساڵ، ئەرسەلان خودکام بەندکراوی سیاسی تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، بە هۆی نەخۆشی ئاو مرواری بۆ دەرمانخانەی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گواسترایەوە و لەم کاتەوە تاکوو ئێستا، بەهۆی لێدانی دەرزییەکی نەناسراو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی چاوەکانی خراپتر دەبێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕازی نەبوونی کاربەدەستانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ گواستنەوەی ئەم بەندکراوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە و گواستنەوەی بۆ دەرمانخانەی ناو بەندیخانە لە کاتێکدا بووە کە ئیمکانات و کادیری دەرمانی ئەم دەرمانخانەیە بۆ چارەسەری نەخۆشی پێشکەوتووی وەکوو ئاو مرواری بە کەڵک نایەت.

هەنگاو لەلایەن سەرچاوەی خۆیەوە ئاگادار کراوەتەوە کە، ئەرسەلان خودکام، بە زووترین کات پێویستی بە نەشتەرگەریی چاوە لە نەخۆشخانە هەیە بەڵام کاربەدەستانی بەندیخانەی ئورمیە بۆ پێدانی ئازادی کاتی بە ئەرسەلان، داوای دانانی بارمتەی قورسی ١٥ ملیار تمەنی دەکەن کە دانانی ئەو بارمتەیە لە توانای ماڵی بنەماڵەکەیدا نییە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە تاکوو ئێستا نزیک بە ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی لە بەندیخانەدا تێپەڕاندووە، لە ئێستادا لەبەندی ١٢ی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە ناسراو بە "بەندی ئیرشاد" بەندکراوە.

ئەرسەلان خودکام خەرمانانی ٢٧١٨، لەلایەن لقی ٣٢ی دادسەرای سەربازی ئورمیە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا کە دواتر بە پشتبەستن بە مادەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون سزایەکەی گۆڕدرا بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ ئەم حوکمەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەرسەلان خودکام، ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧١٨ (٢٣ی ئەپریلی ٢٠١٨) لە کاتێکدا کە ئەندامی سوپای پاسداران بوو بۆ پێئەسپێردراوێک بۆ شاری شنۆ ڕۆیشتبوو، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەستبەسەر کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە