درێژەی دەستبەسەربوونی ماشەڵڵا کەرەمی لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران

ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرەمی، گیانبەختکردوویەکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ماوەی ٤٥ ڕۆژە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕاگیراو

٢٢ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١١:٢١

 

هەنگاو: شەممە، ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرەمی، گیانبەختکردوویەکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ماوەی ٤٥ ڕۆژە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕاگیراوە و لەو ماوەیەشدا هەر لە ژووری تاکەکەسیدا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ماشەڵڵا کەرەمی، ئەندامی بنەماڵەیەکی دادخوازی کوردستان، ماوەی مانگێک و ١٤ ڕۆژە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کەرەج ڕاگیراوە و لەو ماوەیەدا جیا لەوەی کە هەر لە ژووری تاکەکەسیدا بووە، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەشی بێبەری و بێبەش کراوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندووە؛ سیروان کەرەمی، کوڕی ماشەڵڵا و هاوژینەکەی سیروان لەژێر گوشاری چڕوپڕی ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا بوون و هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێت هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر ڕەوتی ئەو دۆسیەیە و بارودۆخی دەستبەسەربوونی ماشەڵڵا کەرەمی بڵاو بکەنەوە.

هەروەها ئەمیرحوسێن کووهکەن، پارێزەری بنەماڵەی کەرەمی کە ئەویش پاش ئەوەی ڕۆژی ٨ی خەرمانان بانگ کراوە، دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستاش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.

سینا یووسفی، پارێزەر، لەم ماوەیەدا لەسەر بارودۆخی دەستبەسەربوونی ئەمیرحوسێن کووهکەن نووسیبووی: "دۆخی جەستەیی و دەروونیی ئەم پارێزەرە زۆر نالەبار و ناجێگیرە، تەنانەت بەهۆی گوشارەکانی وەزارەت ئیتلاعاتەوە بڕیاری خۆکوشتنی داوە".

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران خەریکن دۆسیەیەک بۆ ماشەڵڵا کەرەمی و ئەمیرحوسێن کووهکەن دروست دەکەن و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەو دوو هاووڵاتییە، لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییانەوە بە چڕوپڕی لەژێر گوشاردان.

محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرمی، لاوێکی کوردی خەڵکی شاری بیجاڕ و تەمەن ٢١ ساڵ، لەگەڵ محەممەد حوسێنی، تۆمەتبارێکی سەرەکیی دیکەی ئەو دۆسیەی بەناو "کوشتن"ی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، ئەندامی بەسیج، سزای سێدارەیان بەسەر سەپا و دوای ئەوەی کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراون، دواجار بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەسێدارە دران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە