دووەمین ڕاپۆرتی تایبەتی تیمی یاساییی هەنگاو لەسەر ڕفاندنی منداڵانی کوردستان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
بەپێی بەدواچوون و لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو، دوای ساڵێک لە دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، زیاتر لە ٤٠٠ منداڵی قوتابی لە سەرانسەری شارەکانی کوردستان و لەلا
هەنگاو؛ شەممە، ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٣
بەپێی بەدواچوون و لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو، دوای ساڵێک لە دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، زیاتر لە ٤٠٠ منداڵی قوتابی لە سەرانسەری شارەکانی کوردستان و لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون کە تاکوو ئێستا تیمی یاساییی هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ١٩٢ کەسیان ئاشکرا بکات.
تێکڕای ئەو ئەو منداڵانە لە ماوەی پێنج مانگدا (واتە لە ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ تاکوو ١ی فێبریوەریی ٢٠٢٣) ڕفێندراون. لە کۆی ئەم ١٩٢ منداڵە کە ناسنامەیان ئاشکرا بووە، ٣٣ کەسیان کچ و ١٥٩ کەسی دیکەیان کوڕن.
بەپێی ئەم ئامارە زۆرترین منداڵ لە شاری جوانڕۆ ڕفێندراون کە ٣٠ کەس تۆمار کراون. هەروەها لە شارەکانی سنە ٢١ منداڵ و سەقز ١٤ منداڵ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون.
ئەم ئامارە بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
- پارێزگای سنە؛ ٧٧ کەس کە دەکاتە ٤٠% کۆی گشتیی ئەم ئامارە.
- پارێزگای کرماشان؛ ٢٧% کە دەکاتە کۆی گشتیی ئەم ئامارە.
- پارێزگای ئورمیە؛ ٢٢% کە دەکاتە کۆی گشتیی ئەم ئامارە.
- پارێزگای ئیلام؛ ١٠% کە دەکاتە کۆی گشتیی ئەم ئامارە.
ئاماری کچان و کوڕان بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
- پارێزگای ئیلام؛ ٤ کچ و ١٦ کوڕ.
- پارێزگای کرماشان؛ ٨ کچ و ٤٤ کوڕ.
- پارێزگای سنە؛ ١٥ کچ و ٦٢ کوڕ.
- پارێزگای ئورمیە؛ ٤ کچ و ٣٨ کوڕ.
- ناوچەکانی دیکەی ئێران؛ تەنیا ١ کەس کە کچ بووە.
تیمی یاساییی هەنگاو لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی بۆ بارودۆخی ئەم منداڵە ڕفێندراوانە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییە سەرکوتکەرەکانەوە بەردەوامە. بەپێی دوایین زانیارییەکان، بەشێکی بەرچاو لەم منداڵانە دوای چەند ڕۆژ و چەند حەوتوو لە ناڕوونیی چارەنووس بە بیانووی وەرگرتن و واژۆکردنی بەڵێنی نووسراوە یان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون. بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم منداڵانە دوای ئازادبوونیان لە بارودۆخێکی دەروونیی دژواردان، بەگشتی لەگەڵ هیچ کەس قسە ناکەن و تووشی گۆشەگیری و گرفتی دەروونی بوون. ئەمەش بووەتە بەربەست و کێشەیەکی سەرەکی بۆ پەیوەندی گرتن و قسەکردن لەگەڵ ئەم منداڵانە و بنەماڵەکانیاندا.
شایانی باسە کە ئەم منداڵانە بەهۆی بارودۆخی هەستیاریان لە سیستەمە یاسایییەکاندا تەنانەت لە کاتێکدا تاوانێکیشیان کردبێت، ستانداردگەلێکی پشتیوانیی تایبەت بە خۆیان هەیە.
ئەم ستانداردە یاسایییانە پشتیوانیگەلێکی لە چەشنی قەدەغەکردنی دەستبەسەرکردنی منداڵان پێش دادگاییکردنیان، دەستپێڕاگەیشتنی خێرا بە بنەماڵەکانیان، قەدەغەبوونی گوشاری جەستەیی و دەروونی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و ڕاوێژکاری یاساییی گونجاو بۆ بارودۆخی منداڵان لەخۆ دەگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا منداڵانی ڕفێندراو لەژێر لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی دڕندانەدا (توندوتیژی) بوون و هیچ کام لە مافەکانی پشتیوانیی منداڵان ڕەچاو نەکراوە.
ئەم منداڵانە لە کاتی دەستبەسەربوونیاندا تەنانەت لە مافە سەرەتایییەکانی گەورەساڵێکیش وەک ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە، پشکنینی پزیشکی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش بوون.
بەپێی کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان کە دەوڵەتی ئێرانیش واژۆی کردووە و ئەندامیەتی، بەپێی ماددەی ٩ی یاساییی مەدەنی و لە حوکمی یاسا ناوخۆیییەکان؛ دەستبەسەرکردنی منداڵ پێش دادگاییکردنیان دەبێت لە دوایین هەوڵ و لە کاتی پێویست و بارودۆخی تایبەتدا جێبەجێ بکرێت. هەر لەم ڕاستایەدا یاسا ناوخۆیییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران یاسایییەکی لەم شێوەیان لە مادەی ٢٨٧ی یاساییی ئایینی دادگای تاواندا هەیە. بەم پێیە دەبێت منداڵ یان مێرمنداڵ بدرێتە دەست دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری یاسایی و دەستبەسەرکردنی لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بەپێی پێویست و لە بارودۆخگەلێکی زۆر تایبەتدا دەبێت جێبەجێ بکرێت.
پێشێلکاریی یاسای تایبەت بە منداڵان تەنیا لە کاتی پێش بەڕێوەچوونی دادگاییکردنیاندا نەبووە، بەڵکوو لە کاتی دادگاییکردنیشیاندا ئەم منداڵانە لە مافەکانی منداڵێک کە دادگایی دەکرێت، بێبەری و بێبەش بوون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە هەنگاو گەیشتوون؛ دۆسیەی بەشێک لەم منداڵانە بۆ لقەکانی دادگای شۆڕش نێردراوە.
بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، منداڵان لە کاتێکدا تاوانێکیان کردبێت، دەبێت لە لقی ١ دادگای تاوانەکان و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو خاڵە پێشبینیکراوەکان و لە دادگای منداڵاندا دادگایی بکرێن. بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دۆسیەی ئەم منداڵانە بە شێوەیەکی نایاسایی نێردراون بۆ دادگای شۆڕش کە دادگایەکی تایبەت و زۆر نادادپەروەرانەیە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو؛ لە کۆی گشتیی ئەو ١٩٢ منداڵە، لانی کەم ٤ کەسیان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای پێبژاردنی پارە، بەندکردن و لێدانی قامچاییان بەسەردا سەپێندراوە. کورش گەڕاوەند، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەراوڵە، سزای ٧ مانگ بەندکردن، فەرهاد نەوایی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، سزای ٢ ساڵ بەندکردن و هەروەها دوو منداڵی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ئەرشیا بەرزین، سزای ٣ ساڵ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی و کیانووش ئەعزەمی، سزای ١٠ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەریاندا سەپێندراوە.
پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە لە ڕاپۆرتەکانی "هەنگاو"دا مەبەست لە زاراوەی "منداڵ" ئەو کەسانەیە کە تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە و بەپێی مافە نێونەتەوەیییەکانی مرۆڤ بە منداڵ لەقەڵەم دەدەرێن. لە سیستەمی فەقیهی- یاساییی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هیچ پێوەرێکی ڕێکوپێک بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها هیچ پرەنسیپێکی بنەڕەتی بوونی نییە کە تایبەتمەندی و ماف و بەرژەوندییەکانی منداڵانی تێدا پێناسە و ڕەچاو کرابێت.
تیمی یاسایی هەنگاو سەرەڕای درێژەدان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی لەسەر ئەم دۆخەی منداڵانی کوردستان، نیگەرانیی خۆی سەربارەت بە هەڵسوکەوتی دڕندانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ منداڵان دەردەبڕێت.