کوژرانی هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

٢٣ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٦:٣٣

 

هەنگاو: یەکشەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان بە ناوی "حەمەد خدر" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری سەردەشت و قەڵادزێ کوژراوە و چارەنووسی دوو هاوڕێی دیکەی کە لەگەڵی بوون، هێشتا ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرلەنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، حەمەد خدر، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "ڕەزگە"ی سەر بە قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانیی هەرێمی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کە لەگەڵ دوو لە هاوڕێی دیکەی بە مەبەستی کڕین و فرۆشتنی مەڕوماڵات چوونەتە بەرزاییی سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ کراوە و ئەو هاووڵاتییە گیانی لەدەست داوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، چارەنووسی دوو هاوڕێیەکی دیکەی حەمەد خدر ناڕوونە و هەوڵەکان بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە بەردەوامن. هەروەها بنەماڵە و کەسوکاری حەمەد خدر بۆ وەرگرتنی تەرمی ناوبراو چوونەتە ناوچە سنوورییەکان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە